٧ هاووڵاتیی کورد لە کەرەج و مەهاباد دەسبەسەر کران

17:11 - 21 بەفرانبار 2720

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، دوو خوێندکاری کورد بە ناوەکانی "فەرزاد سامانی" خەڵکی شاری مەهاباد و "سوهەیب بادرووج" خەڵکی شاری مەریوان  لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ٢٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خەوتنگەی زانکۆی "خاڕەزمیـ"ـی کەرەج و پاش پشکنینی ئەو خەوتنگەیە، ئەو دوو خوێندکارە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

فەرزاد سامانی و سوهەیب بادرووج خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای ڕشتەی کۆمەڵناسیی زانکۆی "خاڕەزمیـ"ـنه.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم دوو خوێندکارە، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سالار ڕەهەوی، دەریا تاڵبانی، شەپۆل خزری، ئەفشین مام ئەحمەدی و سیروان نووری"خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکراون.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی دژی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.