٤٥١ خوێندکار ژەهراوی بوون

17:24 - 19 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: دوای ئەوەیکە دەیان خوێندکاری زانستگەی \"باهنر\"ی شیراز بە هۆی خواردنی ناتەندرووست ژەهراوی بوون، ئەمجارە ٤٥١ خوێندکاری زانستگەی یەزد بە هۆی خواردنی چێشتی ناسالم ژەهراوی بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ٤٥١ کەس لە خوێندکارانی کوڕی زانستگەی \"یەزد\" بە هۆی خواردنی چێشتی خەوتنگەی ئەو زانستگەیە ژەهراوی بوون کە زیاتر لە ٢٠٠ خوێندکار دوای خەواندن لە بەشی \"نمازخانە\" لەو زانستگەیە مەرەخەس کراون و ٢٥١ خوێندکاری دیکەش لە نەخۆشخانەی یەزد خەوێندراون.

هەواڵدەریی \"میزان\" سەر بە حکوومەتی ئێران باسی لەوە کردووە کە ئەو خوێندکارانە بە ١٤ ئامبووڵانس و ئۆتوبووسێک بۆ نەخۆشخانەکانی شار گوازراونەتەوە.

\"عەلی دێهقان\" جێگری زانستگەی پزشکیی یەزد لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە، هۆکاری ژەهراوی‌بوونی ئەو خوێندکارانە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.

هەروەها ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕ دەیان خوێندکاری زانستگەی شیراز بە هۆی خواردنی چێشتی ناتەندرووست لەو زانستگەیە ژەهراوی بوون.

لەو پێوەندییەدا، \"ذوولفەقار یەزادن مێهر\"سەرۆکی سندووقی ڕفاهی خوێندکاران لە هەڵوێستێکی چاوەڕوان نەکراودا، ژەهراوی‌بوونی ئەو خوێندکارانەی بە هۆی خواردنی چێشت ڕەت کردەوە و گوتبووی کە بە هۆی نەخۆشینێکی ڤیروسی ئەو ڕووداوە ڕووی داوە، بەڵام یەک ڕۆژ دواتر وەزیری زانست ئەو قسانەی ناوبراوی ڕەت کردەوە وگوتی: \'ئەو ڕووداوە بە هۆی ژەهراوی‌بوونی چێشت ڕووی داوە\".