خوێندكارانی دەستبەسەر كراوای بەردەم باڵوێزخانەی توركیە لە تاران ئازاد كران

18:36 - 14 بەفرانبار 2711
كوردپا: 10 كەس لە خوێندكارانی كورد لە تاران كەلە ئیعتراز بە كۆمەڵكوژییەكەی شرناخی توركیە لە تاران و لەبەردەم باڵوێزخانەی توركیە دەستیان دابووە خۆپیشاندان، پاش قۆڵبەست كران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی تارانەوە، بە وەرگرتنی بەڵێنی ئازاد كران.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە تاران، رێكەوتی 13ی بەفرانباری 1390ی هەتاوی ژمارەیەك لە خوێندكارانی كوردی دانیشتووی تاران كە ژمارەیان دەگەیشتە 40 كەس بە مەبەستی مەحكووم كردنی كوشتاری بەكۆمەڵی كۆڵبەرانی كورد لە سنووری شرناخ كە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیەوە ئەنجام درا، لەبەردەم باڵوێزخانەی توركیە لە تاران دەستیان دایە خۆپیشاندانێكی هێمنانە، بەڵام هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەكانی حكوومەت لە تاران بڵاوەیان پێكردوون.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش داوە، بۆ جاری دووهەم خۆپیشاندەرانی كورد كە ژمارەیان دەگەیشتە70 كەس بەرەو باڵوێزخانەی توركیە خۆپیشاندانیان وەڕێخستووە كە لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەكانەوە هێرشیان كراوەتە سەر و 10 كەسیان لێ‌ قۆڵبەست كردوون.

خوێندكارە دەستبەسەر كراوەكان پاش ماوەیەك بە وەرگرتنی بەڵێنی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە ئازاد كراون.