خامنەیی تیمێکی ٨ کەسی بۆ چاوەدێری لە سەر بەرجام پێک‌هێنا

15:47 - 28 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: عەباس عێراقچی، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران و یەکێک لە ئەندامانی وتووێژکاری بەرنامەی ناوکیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە باسی لە پێکهێنانی تیمێکی ٨ کەسی بۆ چاوەدێری بە سەر بەڕێوەبردنی ڕێککەوتننامەی ناوکی و لەژێر چاوەدێریی خامنەیی کرد.

هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری عێراقچی بڵاوی کردەوە، ئەو کۆمیتەیە بە بڕێاری خامنەیی پیک هێنراوە و تەنیا ڕاپۆرتی کارەکەیان بە ڕێبەری ئێران دەدەن.

ئەندامانی ئەو گرووپە ٨ کەسیە بریتین لە، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆمار، عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیس، عەلی شەمخانی بەرێوەبەری شوورای باڵای تەناهی نەتەوەیی، جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، عەلی ئەکبەر ساڵحی بەرپرسی ڕێکخراوی وەزەی ناوکی، عەلی ئەکبەر وڵایەتی ڕاوێژکاری نێونەتەوەیی خامنەیی و سەعید جەلیلی وتووێژکاری پێشووی ناوکی.

بە گوتەی عێراقچی، بەڕێوەبەری کۆمیتەی چاوەدێری لە بەڕێوەچوونی بەرجام، عەلی شەمخانییە.

هاوێنی ڕابردوو، لە نێوان گرووپی ٥+١ و ئێراندا ڕێککەوتنێک بە ناوی بەرجام واژۆ کرا و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئێران لە بنکە ناوکییەکانی خۆیدا سانتریفیوژەکان کەم دەکاتەوە و لە بەرانبەردا، ڕۆژئاوا هەندێک گەمارۆی ئابووری لە سەر ئێران لا دەبات.