خامنەیی: بڕۆن لە کەنداوی بەرازەکان مانۆڕ بدەن

21:08 - 16 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە ناردنی نامەیەک بۆ باڵوێزخانەی سووئیس، لە بەرانبەر ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی کۆنگرەی ئامریکادا دژکردەوەی پیشان دا.

ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕ، ڕێندی فۆربێس نوێنەری کۆماریخواز و سەرۆکی کۆمیتەی لاوەکیی هێزی دەریایی کۆنگرەی ئامریکا، ڕەشنووسێکی پێشکەش بە کۆنگرە کرد کە تێیدا هاتووە؛ کۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لە ئاوەکانی کەنداودا، ئەمنیەتی ئەم ناوچەی لاواز کردووە.

لە بەشێک لەم ڕەشنووسەدا کە نازناوی \"کەنداوی عەرەبی\" بۆ کەنداو بەکار هێناوە هاتووە: \"داوا لە دەوڵەتی ئامریکا دەکەین بەرخوردی جیددی لە بەرانبەر چالاکییەکانی تاران لەم ناوچەیەدا بگرێتە بەر\".

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەم ڕەشنووسەدا، ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕ گووتی: \"ئەوانە قسەی بەلاشن و ئامریکاییەکان قەبەتر لە ئاستی خۆیان قسە دەکەن\"، دواتریش بە ئەدەبیاتێک کە تایبەت بە خۆیەتی وتی: \"ئێوە بڕۆن لە کەنداوی بەرازەکان مانۆڕ ئەنجام بدەن\".

هەروەها ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕیش حسەین سەلامی جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هەڕەشەکانی ئامریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بەردەوام بێت، ئێمە گەرووی هۆرمۆز دادەخەین.