حەفتەی داهاتوو هەڵبژاردەی نۆبڵی ئەدەبی بۆ ساڵی 2012 رادەگەیەنرێت

12:38 - 15 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: ئاكادیمیای نۆبڵ هەواڵی ئاشكراكردنی هەڵبژاردەی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبڵ بۆ ساڵی 2012ی بڵاو كردەوە.

ناوەندی ئاكادیمیای نۆبڵ بڵاوی كردەوە، بڕیارە پێنج شەممەی داهاتوو رێكەوتی 20ی رەزبەری 1391ی هەتاوی ( 11ی ئۆكتۆبری 2012ی زایینی) هەڵبژاردەی ئەمساڵ بۆ بەشی نۆبڵی ئەدەبی بە شێوەی فەرمی رابگەیەنرێت.

ئەمە لە كاتێك دایە كە هەتا ئێستا شیمانەكان جەخت لەسەر ناوی دوو نووسەری ناسراوەی رۆژهەڵاتی دوور، \"هارۆكی مۆراكامی\" لە ژاپۆن و \"موو یان\" لە چێن دەكەن و بۆ پلەی سێیەم باس لە ناوی باب دیلێن، بەستەبێژی ئەمریكایی وەك شانسی سێیەمی خەڵاتی نۆبڵ دەكرێت.

دەسپێكی دانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی نۆبڵ بۆ ساڵی 2012، بە راگەیاندنی هەڵبژاردەی خۆی لە بواری فیزیۆلۆژی یان پزیشكی بە فەرمی لە رێكەوتی 17ی رەزبەرەوە كارەكانی دەست پێدەكات و دواتر رۆژی هەینی هەڵبژاردەی نۆبڵی ئاشتی و رۆژی شەممە نۆبڵی ئابووری رادەگەیەنرێت.