حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور زیندانیی سیاسیی کورد لەسێدارە درا

14:59 - 4 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور زیندانیی سیاسیی کورد پاش چوار ساڵ راگیران لە زیندان، سەرئەنجام لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سیدارە درا.

یەکێک لە پارێزەرەکانی حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند؛ کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو لە زیندانی ناوەندی ورمێ لە سێدارە درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار تەرمی ئەو زیندانییە سیاسییە هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ راگیراوە و بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو لە بەر دەم نەخۆشخانەی ئەو شارە کۆبوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەنووکە بەهۆی ناڕەزایەتیی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، ئەو زیندانە لە دۆخێکی ئەمنیەتی دایە و رێژەیەکی بەرچاو گاردی دژە شۆڕش رەوانەی نێو زیندان کراون.

حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور تەمەن ٢٩ ساڵ و لەدایکبووی شاری سنە، پاییزی ١٣٨٨ لەشاری مەهاباد دەستبەسەر و پاش سێ‌ مانگ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، لە ئەنجامدا لەلایەن لقی١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تاوانی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە \"حیزبە کوردییەکان\" بە ئیعدام مەحكووم كرا.

دەگوترێ کە لەکاتی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییانەدا دەنگی سروودی نەتەوەیی \"ئەی رەقیب\" بیستراوە کە لەلایەن چەند کەسێکەوە خوێندراوەتەوە، ئەمەش ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات کە چەند زیندانیی سیاسیی کورد پێکەوە لە سێدراە درابن.

سەرەڕای هەوڵی پارێزەرەکانی ناوبراو، دادگای پێداچوونەوە و دیوانی باڵای وڵاتی ئێران حوكمەكەیان پشتڕاست کردەوە و سەرئەنجام پاش چوار ساڵ ئەشکەنجە و راگیران لە زیندان، لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ حوکمی سێدارەکەی بەڕێوەچوو.