حکوومەتی ئێران مووشکی دوورهاوێژ بۆ ناڕازیانی یەمەن دەنێرێت

15:51 - 15 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی یەمەن راستەخۆ دەوڵەتی تارانی بە ناردنی پاپۆڕی هەڵگری چەک و تەقەمەنی بۆ ناڕازییان شیعەی وڵاتەکەی تاوانبار کرد.

هەواڵدەریی فەرمیی وڵاتی یەمەن رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی رێبەندان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، ئەو پاپۆڕە کە رێکەوتی ٤ی رێبەندان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەردا گیرا، لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بۆ ناڕازییانی وڵاتی یەمەن نێردرابوو.

ئەو راپۆرتە ئاشکرای کردووە، کە ئەو پاپۆڕە هەڵگری رێژەیەکی بەرچاو لە مووشەکی دوورهاوێژ ــ درووست کراوی وڵاتی رووسیە ــ بووە و کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیی پێ بووە کە لەلایەن هێزە دەریایی‌یەکانی حکوومەتی یەمەنەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ماوەیەک پێش ئێستا لێپرسراوانی نیزامی و ئەمنیەتیی دەوڵەتی ئامریکا هەواڵی زەوت کرانی پاپۆڕێکی هەڵگری چەک و تەقەمەنییان لەلایەن گاردی دەریایی وڵاتی یەمەنەوە پژڕاست کردبووەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو پاپۆڕە لە بەندەرێکی باشووری ئێرانەوە بارگیری کراوە و دواتر رادەستی ٨ کەس لە بەڕێوەبەرانی پاپۆڕێکی یەمەنی کراوە.

هەواڵدەریی \"سەبا\"ی یەمەن راشیگەیاندووە، کە ئەو پاپۆڕە بەسەرجەم کەلوپەلەکانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەروەها ئەو ٨ کەسەش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە ژێر لێکۆڵینەوە دان.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا هیچ پەرچە کردارێکیان لەمەڕ ئەو ئیدیعایەی لێپرسراوانی یەمەنی و ئامریکایی نیشان نەداوە.