حکوومەتی عێراق بە هۆی هاوردە کردنی کارەبا، بە ئێران قەرزدارە

15:10 - 10 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: وتەبێژی وەزارەتی کارەبای وڵاتی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئاناتۆلی\" ڕایگەیاندووە کە؛ \"حکوومەتی ئێران شەوی ڕابردوو هەناردەی کارەبای بۆ وڵاتی عێراق، لەڕێی هێڵی گواستنەوەی کارەبا لە شاری \"خۆڕەمشەهرەوە بۆ بەسرە\" و لە \"کەرخەوە بۆ ئەلعەمارە\" ڕاگرتووە\".

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، \"محەممەد فەتحی\" وتەبێژی وەزارەتی کارەبای وڵاتی عێراق، بەئاماژە بەم بابەتە کە حکوومەتی عێراقی ٦٠٠ مێلیون دۆلار بە دەوڵەتی ئێران بەهۆی هاوردە کردنی کارەبا لەم وڵاتەوە، قەرزدارە، ڕایگەیاندووە کە؛ \"سەرەڕای دانی گرەنتی بە وڵاتی ئێران، حکوومەتی ئێران لە هەناردە کردنی کارەبا بۆ حکوومەتی عێراق دەستی ڕاگرتووە.\"

ئاستی هەناردە کردنی کارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق، ٨٠٠ مێگاواتە و خەڵکی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە پلەی گەرما گەیشتووەتە سەرەوەی ٥٠ پلەی سەدی، سەبارەت بەم بارودۆخە و نەبوونی کارەبا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.