حوکمی ئێعدامی دانیاڵ دیوانی‌ئازەر لە زیندانی میاندووئاو جێبەجێ کرا

11:39 - 19 سەرماوەز 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، "دانیاڵ دیوانی‌ئازەر" یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی "کوشتنی" سادق بەرمەکی، لە زیندانی میاندووئاو، ئێعدام کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جەنازەی ئەو زیندانییە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە باغی فیردەوسی شاری مەهاباد، لە تەنیشت گۆڕی دانیاڵ زەینولعا‌بدین، ئەسپەردەی خاک کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزیش، حوکمی ئێعدامی "کەماڵ ئەسغەری"، یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی دۆسیەی "کوشتنی" سادق بەرمەکی لە زیندانی مەهاباد جێبەجێ کرا.

"دانیاڵ زەینولعابدین" سێهەمین تۆمەتباری دۆسیەی "کوشتنی" سادق بەرمەکی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە زیندانی میاندووئاو، کوژرا.

دۆسییەی تۆمەتبارانی "کوشتنی" سادق بەرمەکی، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، پاش پشتراستکردنەوەی ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ یەکەی جێبەجێکردنی تاوانەکانی دادگوستەریی شاری مەهاباد، ڕەوانە کرابوو.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٧، کەماڵ ئەسغەری، دانیاڵ دیوانی‌ئازەر و دانیاڵ زەینولعابدین، لە دادگا مەحکووم بە ئێعدام و تاوانباری چوارمی ئەو دۆسیەیە بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٦، کەماڵ ئەسغەری و دانیاڵ دیوانی‌ئازەر و دانیاڵ زەینولعابدین، لەگەڵ کەسێکی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی "سادق بەرمەکی" لاوی مەهابادی، دەسبەسەر کرابوون.