حوکمی ئیعدامی ٦ هاووڵاتیی کورد پژڕاست کرایەوە

15:34 - 2 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەڵماس لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پژڕاست کرایەوە.

هەواڵدەریی \"هێرانا\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە حوکمی ئێعدامی ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس لەلایەن \"دیوانی بەرزی وڵات\"ەوە پژراست کراوەتەوە و بەم پێیە ئەو حوکمە دەچێتە قۆناغێکی نوێترەوە و ئەگەری جێبەجێ کرانی زیاتر دەبێت.

ئەو ٦ هاووڵاتییە بە ناوەکانی \"حەبیب مامەدی، کەریم مامەدی، ئەکرەم مامەدی، سامی مامەدی، سەمەد و کەریم مامەدی و فیرۆز حەسەنزادە\" خەڵکی ناوچەی سەڵماس بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لەلایەن دادگای ئەو شارەوە بە ئێعدام حوکم دراون.

ئەو هاووڵاتییانە هەتا ئێستا ٢ جار داوای بەخشینی ئەو حوکمەیان کردووە کە داواکانیان لەلایەن \"کۆمیسیۆنی ناوەندیی لێبوردن\"ەوە رەت کراوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ٢ هاووڵاتیی دیکەی کوردی خەڵکی شاری ورمێ دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی پایزەوە هەتا ئێستا لە ناوچەکانی ئێران سەرجەم ٢٠٨ کەس بەرەوڕووی حوکمی ئێعدام بوونەتەوە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ١٧٣ کەس ئێعدام کراون و ٣٥ کەسیش حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا بڵاو کراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە دەکرێ لەوەش زیاتر بێت.