حوکمی محەممەد مورادی لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە

12:37 - 14 رەزبەر 2721

حوکمی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "محەممەد مورادی"، خەڵکی گوندی "قەبری حوسێن" سەر بە پیرانشار لە لقی ٣٤ی دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دیوانی باڵای وڵات بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا، حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییەی هەڵوەشاندووەتەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی دووبارە نێردراوەتەوە بۆ ئەو دادگایەی کە سەرەتا ئەو حوکمەکەی بەسەر "محەممەد مورادیـ"ـدا سەپاندووە.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "محاربه" لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، مەحكووم کرابوو.

محەممەد مورادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاش ڕۆیشتن لەو حیزبە، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ لە سنووری "کێلێـ"ـی سەردەشت، گەڕابووەوە بۆ ئێران.

ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.

ئەوهاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، سەرەتا بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەنووکە لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨، دوو برای محەممەد مورادی بە ناوەکانی "عەبدولڕەحمان و سادق مورادی" لە سنووری "کۆترانـ"ـی شاری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای سپای پاسداران کوژران.