حوکمی لەسێدارەدانی خدر قەویدڵ لە دیوانی باڵای وڵات پاش ١٠ مانگ لە جێبەجێکردنی حوکمەکەی هەڵوەشایەوە

11:14 - 15 پووشپەڕ 2721

١٠ مانگ پاش جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "خدر قەویدڵ" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشاوەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "دوو حەوتوو پێش، دادگوستەریی ورمێ لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بنەماڵەی قەویدڵی ئاگادار کردووەتەوە کە حوکمی ئێعدامی خدر لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشاوەتەوە و داوای لەو بنەماڵەیە کردووە کە سەردانی دادگوستەریی ورمێ بکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "بنەماڵەی قەویدڵ لە دادگای ئینقلابی ورمێ سکاڵایان تۆمار کردووە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆبوونەوەی دادگایی بە ئامادەبوونی ناوبراوان بەڕێوە چووە و بنەماڵەی قەویدڵ ڕایانگەیاندووە کە بۆ چی کوڕەکەیان ئێعدام کردووە و خوازیاری جێبەجێکردنی دادپەروەری بوونە.

ئەو سەرچاوە ئاگادرە ئەوەشی خستە ڕوو کە لەسێدارەدانی خدر قەویدڵ بە گوشاری دادستانی ورمێ جێبەجێ کراوە و سەرەڕای ئەوەیکە دۆسیەی خدر لە دیوانی باڵای وڵات لە حاڵی تاوتوێکردندا بووە، دادستان بڕیاری جێبەجێکردنی لەسیدارەدانی ناوبراوی دەرکردبوو و تەنانەت چاوەڕێی وڵامی یەکلایی دیوانی نەکردبوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٩٩، خدر قەویدڵ، خەڵکی ڕەبەتی سەردەشت، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درا.

ئەو زیندانییە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەرمانانی ٩٩، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام لە بەندی ١٥ی زیندانی ورمێ، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

خدر قەویدڵ ساڵی ١٣٩٢، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، بە تۆمەتی "تاوانەکانی ماددە سڕکەرەکان"، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.