حوکمی قەساسی تۆمەتباری دۆسیەی کوێرکردنی کچێکی تەمەن ٤ ساڵ لە قوروە، بەڕێوە دەچێت

13:53 - 23 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: پیاوێکی خەڵکی ناوچەی قوروە، کە ساڵی ٨٨ بە \"کوێرکردنی ئەنقەست\"ی کچێکی تەمەن ٤ ساڵ تۆمەتبار کرا، بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پاش نەورۆزی ئەمساڵدا قەساس دەکرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەسێک بەناوی محەمەد رەزا و خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی قوروە لە ئوستانی کوردستان، کە لەلایەن دەزگای قەزایی بە تۆمەتی کوێرکردنی کچێکی تەمەن ٤ ساڵ، بە قەساس مەحکووم کراوە، بڕیارە لە دوای نەورۆزی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی ئەسیدپژاندن، حوکمەکەی بەڕێوە بچێت.

دەگوترێ، فاتیمە کەلوەندی کە رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ٨٨، هاوڕێ لەگەل دایک و باوکی چووبوونە سەردانی پووری خۆی لە ناوچەی قوروە، لەلایەن مێردی پوورییەوە بە ئاهەک کوێر کرابوو.

بە گوتەی باوک و دایکی فاتیمە، محەمەد رەزا کە مێردە پووری فاتمە و کەسێکی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان بووە، فاتمەی بە مەبەستی تەمبێ کردن بردۆتە حەوشە و ئاهەکی کردۆتە نێو چاوەکانی فاتمە و لە ئەنجامدا هەردوو چاوی لەدەست داوە.

محەمەد رەزا لەلایەن دادگای شاری سنەوە حوکمی \"قصاص\"ی بۆ بڕاوەتەوەو دواتریش ئەو حوکمە لەلایەن لقی ١٥ی پێداچوونەوەی ئوستان و پاشان دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

\"25381.jpg\"
فاتیمە کەلوەندی کە رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ٨٨، هاوڕێ لەگەل دایک و باوکی چووبوونە سەردانی پووری خۆی لە ناوچەی قوروە، لەلایەن مێردی پوورییەوە بە ئاهەک کوێر کرابوو
دایک و باوکی فاتیمە، ٤٠ ملوێن تمەنیشیان بۆ هاوسەنگ کردنی دیەی فاتمە و محەمەد رەزا، خستۆتە حیسابەوە.

کەماڵ قوبادی پارێزەری دۆسیەی ئەو کچە قوربانییە وێڕای رەخنە گرتن لە وڵامی دادستانی سنە بە دایک و باوکی فاتیمە، ئاماژەی بەوە کردبوو، کە دادستانی سنە بە دایک و باوکی ناوبراوی راگەیاندووە، ئێوە دەبێ بۆخۆتان پزیشکێک بدۆزنەوە کە ئەو حوکمە بەڕێوە ببەن.

دادستانی سنە رایگەیاندبوو: \"بەهۆی هاوکاری نەکردنی پزیشکانی پسپۆڕ و شارەزای ئەو بوارە، ئەو حوکمە بەڕێوە ناچێت\".

ئەو پاریزەرە باسی لەوەش کردبوو، \"دەبوایە دەزگای قەزایی لەو پەیوەندییەدا هاوکاریی پێویست بکات، چونکە دوور نییە دایک و باوکی فاتمە لە کاتی بەڕێوەچوونی حوکمەکەدا رەزایەت بە تۆمەتبارەکە بدەن\".