حوکمی ٦ ساڵ زیندانی زەینەب ئیسماعیلی بۆ ساڵێک زیندانیی تەعلیقی کەم کرایەوە

12:24 - 15 سەرماوەز 2720

حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری "زەینەب ئیسماعیلی" لە ئەندامانی دایکانی ئاشتیی کوردستان و خەڵکی شاری دێولان پاش ناڕەزایەتی بە حوکمی غیابی دادگا، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بۆ ساڵێک زیندانی تەعلیقی کەم کرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپا ڕایگەیاند: زەینەب ئیسماعیلی لە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە یەکێک لە حیزبە  کوردییەکانی کوردستانی" بێ‌تاوان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعلیقی مەحکووم کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو حوکمە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەز بەو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە و نابراو داوای "تسلیم به رای دادگاه" کردووە.

 "زەینەب ئیسماعیلی" بە شێوەی غیابی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە،  بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی کوردستانی" بە ٥ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان، مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بەهۆی دەسبەسەرداگرتنی موبایلەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لە بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئاگادار نەبووە و بانگهێشتنامەکەی بە شێوەی پەیامەک لە ڕێگای موبایلەکەیەوە بۆ ڕەوانە کرابوو.

بنەماڵەی زەینەب ئیسماعیلی پاش ئاگاداربوون لە داسەپاندنی ئەو حوکمە، هەوڵی گرتنی پارێزەر و تۆمارکردنی سکاڵانامەیان دابوو.

پاش قەبووڵکردنی سکاڵانامەی زەینەب ئیسماعیلی، ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەز، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوە چوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لە شاری دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیداری ئیتلاعاتی شاری سنە، کرابوو.

ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش مانگێک لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە بەندی ژنانی کانوونی چاککردنەوە و پەروەردەی سنە، ئازاد کرابوو.

زەینەب ئیسماعیلی دایکی "محەممەد ئەمین ئەمیری" بە ناوی کۆدی ڕێکخراوەیی "هاورێ لەیلاخ" لە ئەندامانی (YPG) بووە  کە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی شەڕ لەگەڵ ‌هێزەکانی داعش لە شاری کۆبانی گیانی لەدەست داوە.

دایکانی ئاشتیی کوردستان لە لایەن ژمارەیەک لە دایکانی گیانبەختکردووان و زیندانییانی سیاسیی ئێعدام کراو دامەزراوە.