حوکمی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ کەم کرایەوە

11:48 - 23 خەزەڵوەر 2720

حوکمی زیندانیی محەممەد (عیسمەت) سەلەحشوور، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بۆ ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە بەپێی گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی کەمکردنەوە لە سەر سزای زیندانییە تەعزیرییەکەی، کەم کراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "بە بەکاربردنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی کەمکردنی سزای زیندانیی تەعزیری، ٧ مانگ لە ماوەی زیندانییەکەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ماوە".

محەممەد (عیسمەت) سەلەحشوور کوڕی "خۆرشید"، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦دا بە تۆمەتی "ئەندامبوون و پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، پاش ٤٨ رۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش چەند ڕۆژ لە گواستنەوەی بۆ زیندانی ورمێ، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفی زادە"، بە ٨ ساڵ و سێ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکوچۆڵ" بە دوو ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "هەڵاتن لە سەربازیی زۆرەملێ" بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرابوو.

پاشان دوو ساڵ لە ماوەی زیندانیی تەعزیریی ئەو زیندانییە سیاسییە کە پەیوەندیی بە هەڵگرتنی چەکوچۆڵەوە هەبوو، بەخشراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، پاش ١٠ مانگ لە گرتووخانە، بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران"، بۆ گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزرا و لە دوو قۆناغدا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ و ٦٣ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و پاش نەسەلماندنی ئەو تۆمەتە، گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، خێزاندار و خەڵکی گوندی "فلکانـ"ـی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێیە.