حوکمی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ کەم کرایەوە

11:42 - 15 رەزبەر 2720

حوکمی ١٠ ساڵ زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "دارا ڕەشیدی" کوڕی مستەفا خەڵکی شاری سەردەشت، لە زیندانیی ناوەندیی ورمێ، بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ کەم کرایەوە.

ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژ، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بە سەر ئەو زیندانییە سەپێندرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ، لە لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "نەجەفی‌ زادە" بەڕێوەچوو و دادگا ناوبراوی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردبوو.

ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباری ٩٨، ئەو هاووڵاتییە پاش دوو مانگ دەسبەسەری لە گرتنگەی "سپای ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ، بۆ پەزیرشی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا و هەروەها ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ٩٨، بۆ بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرابوو و ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.

ناوبراو ئەم ٧ ساڵەی لە زیندانەکانی ورمێ و نەغەدەدا تێپەڕاندبوو.