حوکمی زیندانیی ژینگەپارێزێک لە دادگای پێداچوونەوەی سنە کەم کرایەوە

11:14 - 6 رەزبەر 2720

حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی چالاکێکی ژینگەپارێزیی کورد بە ناوی "سابیر قادری" خەڵکی دێولان، لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بۆ سێ ساڵ زیندان کەم کرایەوە.

ئەو حوکمەی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەو چالاکە ڕاگەیەندراوە.

"سابیر قادری" ئەندامی "کۆمەڵەی شەیدای سەوزی لەیلاخـ"ـە و مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان، کۆبوونەوەی دادگای پێداچوونەوە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا تەیاری" بەڕێوە چوو و حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی ناوبراو کە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٢٨ مانگ زیندان و حوکمی ساڵێک زیندانی بە تۆمەتی پروپاگەندە دژی نیزام بە ٨ مانگ کەم کرایەوە و بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، حوکمی ٢٨ مانگ زیندانیی ئەو ژینگەپارێزە دەبێ جێبەجێ بکرێت.

"سابیر" ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش سێ مانگ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.