حوکمی زیندانیی هاووڵاتییەکی کورد لە دادگای پێداچوونەوە کەم کرایەوە
حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سالار چاوەشی"، کوڕی عەبدووڵڵا و خەڵکی گوندی "حاجی لەک" سەر بە ناوچەی "چۆمی مەجیدخانـ"ـی بۆکان، لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.
ئەو حوکمە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، پاش پشتڕاستکردنەوە لە دادگای پێداچوونەوە بە ناوبراو ڕاگەیندرابوو و ناوبراو سبەی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەبێ خۆی بە لقی ١ی ئیجرای ئەحکامی دادگای کەیفەریی بۆکان بناسێنێت و ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە دەکرێت.
ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانان، "سالار چاوەشی"، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.