حوکمی زیندانی ئەرەستوو مەلاڕەحیمی لە دادگای پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە

10:44 - 7 گەلاوێژ 2721

حوکمی زیندانی ئەرەستوو مەلاڕەحیمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەدا لە ورمێ، کەم کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکیک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسێندرا و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە تێپەڕاندنی ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "ئەو حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ بە فەرمی بەو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیندراوە و یەکلا کراوەتەوە".

لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد ئەو چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کردبوو.

حوکمی دادگای سەرەتایی دژی ئەرەستوو مەلارەحیمی، ٢٧ی ڕەشەمەی ٩٩ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بەسەر ناوبراو سەپێندرابوو و ٧ی خاکالێوەی ئەمساڵ بەو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی کفاڵەت لە زیندان ئازاد کرا.

 ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەرەستوو مەلاڕەحیمییان پاش بڵاوکردنەوەی وتارێک لەبارەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشت و دەسبەسەریان کردبوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ناوەندی یاریدەدەرانی مەهاباد و کەمپەینە خەڵکییەکان لەو شارەدا، لە یارمەتیدان بۆ خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان و هەروەها بوومەلەرزەلێدراوانی کۆتۆل و کرماشان ڕۆڵی کارا و چالاکی گێڕاوە.