حوکمی زیندانی جەوانمیر مورادی، چالاکی کرێکاری بۆ سزای نەختی گۆڕدرا

11:10 - 5 جۆزەردان 2721

حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیریی "جەوانمیر مورادی"، چالاکی کرێکاریی خەڵکی کرماشان لە دادگای پێداچوونەوەئ ئەو شارە، بۆ سزای نەختی گۆڕدرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان، بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بۆ ڕاگەیاندنی حوکمی دادگا، بانگهێشتی لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کرا و حوکمی دادگای سەرەتایی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

 لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی کلیپێک لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ لەلایەن جەوانمیر مورادی، ئەو چالاکە کرێکارییەی بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمەی ٩٩، ئەو چالاکە کرێکارییە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بانگهێشتی لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان کرا و بە ناوبراویان ڕاگەیاندبوو کە دەبێ ١١ی ڕەشەمەی ٩٩، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان ئامادە بێت.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ٩٩، ئەو چالاکە کرێکارییە، لە ڕێگەی بانگهێشتنامەیەکی ئێلێکترۆنیکی، لە لقی ٤ی لێپرسی، لە ناردنی دۆسیەکەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان ئاگادار کراوە و هەروەها لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپەکانی دژبەری نیزام"، بێتاوان ناسراوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە، مانگی بەفرانباری ٩٩، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپەکانی دژبەری نیزام و پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بانگهێشتی لقی ٤ی لێپرسی دادگای گشتی و ئینقلابی کرماشان کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٩٩، ئەو چالاکە کرێکارییەی خەڵکی کرماشان، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی "دێزڵئاوا" ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٩٩، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوونی لە یەکێک لە گرووپەکانی دژبەری نیزام" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو ئەندامەی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە نزیک کرماشان بانگهێشت و پاش سەردانی شوێنی پڕۆژەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە کرێکارییە، بە دەست بەستراوی بردووبیانە ماڵەکەی خۆی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.