حكوومەتی ئێران بە \" كەمتەرخەمی لەهەمبەر ژینگەدا\" تاوانبار كرا

15:23 - 28 رێبەندان 2714
ئاژانسی كوردپا: ناوەندەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و مافی مەدەنی لە ئێران بە شێوەی هاوبەش لەنامەیەكدا داوایان لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كردووە كە بە دواداچوون بۆ قەیرانی ژینگەپارێزی لە كوردستان و خووزستان بكات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، تۆز و خۆڵبارین لەئێران و ئاسەوارە ماڵوێرانكەرەكانی بۆ سەر تەندروستی كۆمەڵگە و ژینگە، ناوەڕۆكی نامەی ١١ رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بۆ ئەحمەد شەهید و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان پێك دێنێت.

لەنامەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ و ١٠ ناوەندی دیكە ئاماژە بە پیسبوونی ژینگەی رۆژئاوای ئێران و ناوچەكانی دیكەی ئێران كراوە و سەرهەڵدانی ئەو قەیرانەیان بۆ بێ‌بەرنامەیی و سیاسەتە هەڵەكانی ژینگەپارێزی گەڕاندۆتەوە.

حەفتەی رابردوو لە ئەنجامی پیسبوونی ژینگە و هەوای كوردستان ئاو و برقی زیاتر لە ٥٠ هەزار هاووڵاتیی كورد لە ئابدانان بۆ ماوەی دوو رۆژ بچڕا.

لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا هاتووە، قەیرانی ژینگەپارێزی لە ئەهواز و چەندین شاری دیكەی لە رۆژئاوای ئێران بەرەو كارەساتی مرۆیی دەروات و داواكاریین بە زووترین كات لەمەڕ ئەو كارەساتە بێنە دەنگ و فشار بخەنە سەر حكوومەتی ئێران.

\"24823.jpg\"
ئەو ١١ رێكخراوەیە ئاماژەیان بەوە كردووە، پیسبوونی كەش و هەوا بە رادەیەكە كە گەیشتۆتە ئاستی مەترسیدار و رێژەی وردیلەكانی تۆز و خۆڵ ٦٠ هێندەی جاران زیادی كرووە و پیسی هەواش ١٥ بەرابەری جاران بۆتەوە و لە هێندێ‌شوێن مەوادی بینین گەیشتۆتە كەمتر لە ٥٠ میتر.

لەدرێژەی نامەكەدا باس لەوە كراوە، لەشاری ئەهواز رۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ كەس بە هۆی كێشە هەناسە هەڵكێشانەوە سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن و ژمارەیەك لەو كەسانەش لە بەشە تایبەتییەكان لدەخرێنە ژێر چاودێرییەوە.

لە نامەكەدا نووسراوە، حكوومەتی ئێران ئیدیعای ئەوە دەكات كە بەرنامەیەكی تایبەتی بۆ پێشگری و كەمكردنەوەی پیس بوونی ژینگە لەبەر چاو گرتووە، بەڵام تەنیا كارێك كە هەتا ئێستا كردوویەتی، داخستنی قوتابخانەكان لە ئەهواز بۆ ماوەی چەند رۆژ بووە.

ئەو ناوەندانەی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ باوەڕیان وایە، لە ١٠ ساڵ لەمەوبەرەوە خەسارەكان و لێكەوتەكانی ئەو قەیرانە لەسەر ژیانی دەیان ملیۆن كەس خۆی دەرخەست و لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە ویشكەساڵی و لەناو چوونی لێڕەوار و دارستنەكان بكەین.

ناوی ئەو رێكخراو و ئەنجومەنانەی كە نامەیەكەیان واژۆ كردووە:
ئەنجومەنی توێژەرانی ئێران ـ ئەنجومەنی بەرگریی لە مافی مرۆڤی ئازەربایجانییەكانی ئێران( اهراز) ـ ئەنجومەنی مافناسانی مرۆڤدۆست ـ رێکخراوی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران، ژنێڤ ـ ئینسایەت ئێران ـ رێكخراویی ئورووپایی مافی مرۆڤی ئەهواز ـ رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ـ رێكخراوی پێکەوەهەڵکردنی جیهانی ـ دادپەروەری بۆ ئێران ـ كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لەئێران ـ دامەزراوەی نێودەوڵەتیی پەرەپێدانی فێركاری