حكوومەتی توركیە ئێستا كەوتۆتە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەی كە داوای گۆڕینی رێژیمی سوریە دەكەن

14:25 - 19 رەزبەر 2711
وتووێژی ئاژانسی كوردپا لەگەڵ زریان رۆژهەڵاتی رۆژنامەنووس و شارەزای پرسی توركیە
لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەكانی توركیە و كاریەگەرییان لەسەر هێرش و بوردومانەكان بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان
كوردپا: شارەزایان لەو باوەڕەدان كە ئاڵۆگۆڕە سیایی و نیزامییەكانی ناوخۆی توركیە كاریگەریی ناڕاستەوخۆیان لەسەر هێرشەكانی ئەرتشی توركیە بۆ سەر \"پ. ك . ك\" و هەرێمی كوردستان هەیە، رای ئێوە لەم بارەوە چیە؟

زریان رۆژهەڵاتی: لە راستیدا ئەو رووداوانەی كە ئێستا لە هەرێمەكانی كوردستاندا روو دەدەن، رەنگدانەوەی واقیعی ناوخۆ و دەرەوەی توركیەن، ئەگەر جاران هێرشەكان زیاتر بۆ رازی كردنی رای گشتیی ناوخۆی توركیە بووبێت، ئێستا بۆردومانەكان بەشێكن لە سیاسەتی دەروەی توركیە بە نیسبەت ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سووریە خەریكن روو دەدەن.
حكوومەتی توركیە ئێستا كەوتۆتە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەی كە داوای گۆڕینی رێژیمی سوریە دەكەن، ئەوەش دەزانێ‌ كەلە بەرامبەردا حكوومەتی سووریە بێ‌ وەڵام نایهێڵێتەوە و لەوانەشە ئەو سیاسەتانەی توركیە لە داهاتوودا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ناوچە رێك بكەوێت و ئەنجامەكەی بەوە كۆتایی پێ‌ بێت كە دەستێوەردانێكی سەربازی لە سوریە روو بدات. لە حاڵەتێكی وەهادا بێگومان حكوومەتی دیمەشقیش لە بەرامبەر توركیەدا یارمەتیی \"پ . ك . ك\" بدات و سروشتیشە كە پارتی كرێكارانیش لە ناكۆكیی نێوان ئەو دوو وڵاتە كەڵك وەربگرێ‌ و بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەكانی بەكاریان بێنێ‌.
توركیە دەیهەوێ‌ بەرلەوەی كە هێرش بكرێتە سەر سووریە، یان گوشارەكان بۆ سەر سووریە زیاتر بكرێن، \"پ . ك . ك\" لاواز بكات ئەمە ئامانجێكی كورت خایەنیەتی.
ئامانجی درێژ خایەنیشی ئەوەیە كە توركیە دەزانێت بۆ ئەوەی كە پێگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێز بێت، دواتر لەگەڵ \"پ . ك. ك\" رێككەوتنێك پێك بێنێ‌ و پرسی كورد چارەسەر بكات، چونكە بەبێ‌ كورد توركیە هیچكات نابێ‌ بەو لێدێر و پێشەنگەی كە خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوایدا دەگەڕێ‌.
بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیە باشترە لەگەڵ هێزێكی كوردیی لاوازدا دانوستان بكات نەك لەگەڵ هێزێكی كوردیدا كە بەهێز بێت و داوای پوان و ئیمتیازی زیاتری لێ‌ بكات. هەر لەو چوارچێوەیە دایە كە حكوومەتی ئەردۆغان ئەو نزیكەی یەك ساڵە كە سیاسەتەكانی لە بەرامبەر كورددا توندتر كردۆتەوە بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتانەی كە ساڵانی رابردوو هەیبوو.
ئەم ئۆپەراسیۆنانەش كە بە تازەیی دەستی پێكردۆتەوە پێدەچێ‌ هەتا ماوەیەكی دیكەش درێژە بكێشێ‌، بەڵام لە درێژخایەندا توركیە دەیهەوێ‌ لە رێگای ئەو هێرشانەوە \"پ . ك . ك\" لاواز بكات و دوای ئەوە ئەگەر بێت و قۆناغی دانوستانێك بێتە پێشەوە، لەگەڵ \"پ . ك .ك\" یەكدا دانوستان بكات كەلە رووی نیزامییەوە پەلوپۆی شكابێت، نەك \"پ . ك .ك\" یەكی بەهێز بێت. ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ئیمتیازی زۆری پێ‌ نەدات، بۆ نموونە ئەگەر بێت و \"پ . ك . ك\" داوای ئۆتۆنۆمی بكات، ئەم بە هەندێ‌ مافی كولتووری و لاوەكی رازیی بكات.
كوردپا: توركیە بەدەوام باس لە چارەسەر كردنی پرسی كورد لە رێگای دانوستان و ئاشتییەوە دەكات، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە بەردەوام ئەرتشەكەی درێژە بە هێرشی نیزامی دەدات ، ئەم سیاسەتە پێكناكۆكەی توركیە چۆن لێك دەدەیەوە؟
زریان رۆژهەڵاتی: پارتی داد و گەشە پێدان و باڵەكانی دیكەی ناو توركیە دەیانهەوێ‌ \"پ . ك . ك\" لاواز بكەن و ئەوكات دانوستانی لەگەڵ بكەن، واتە سیاسەتی هەشت ساڵی رابردووی توركیە ئەوە بووە كە جاربەجار لەگەڵ كوردەكان دانوستان بكرێ‌، بەڵام لە كردەوەدا هیچ پڕۆژەیەكی بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی ئەم پرسە نەخستۆتە روو. ئێستا لە ئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕەی كە لەوانەیە لە ناوچە و سووریە روو بدەن، مەسەلەی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیە بە تەواوەتی خۆی دەسەلمێنێ‌ و حكوومەتی ئەردۆغانیش باش دەزانێ‌ بەبێ‌ چارەسەر كردنی پرسی كورد هیچكات ناتوانێ‌ سیاسەتەكانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بكات، چونكە كورد لانیكەم لە چوار وڵاتی ناوچەكەدا هەیە و دەتوانن لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەیدا كێشەی بۆ ساز بكەن، بۆیە ناچارە لەگەڵ كورددا رێك بكەوێت، بەڵام ئەوەی بۆ گرینگە كە ئاخۆ دەبێ‌ لەگەڵ \"پ . ك . ك\"یەكدا رێك بكەوێ‌ كە بەهێزە و ئەتوانێ‌ چالاكی بكات لەناو توركیە یان خود لەگەڵ هێزیكدا كە دوای هێرش و بوردومانێكی بەربڵاوی سەربازی لاواز بووە، پاشان دانوستانی لەگەڵدا بكات.
كوردپا: رۆڵی ئێران لەم ئاڵۆگۆڕ و ئاڵۆزیانەی ناوچەدا چۆن دەبینی، ئەویش بۆ خۆی لە بەرەیەكی ترەوە هێرشی كردۆتە سەر هەرێم و ناوچە سنوورییەكان، بەڵام پارلەمانتارێكی پێشووی توركیە بەناوی \"رێكای بیرگون\" رایگەیاندووە: ئێران ناڕاستەوخۆ یارەمەتیی \"پ . ك. ك\" دەكات، ئەمە چەندە راستە و ئەو هێرشانە هەتا چەندە سازانە لەگەڵ توركیە و ئێران چ ئامانجێكی هەیە؟
زریان رۆژهەڵاتی: لە راستیدا موراد قەرەیلان لە تازەترین لێدوانی لەگەڵ بی بی سی وتوویە ئێمە پێوەندیی ناڕاستەوخۆمان هەیە لەگەڵ ئێراندا و راشكاوانە ئاماژەی پێدەكات و ئەمەش هەقیقەتێكە ناشاردێتەوە، بەڵام ئێران بۆچی هاوكات لەگەڵ توركیە بۆردومانی ناوچە سنوورییەكان دەكات ئەمە پرسیارێكی زۆر گرینگە، من لەو باوەڕەدام ئەو رووداوانەی كە ئێستا لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان روو دەدەن هەتاڕادەیەك رێككەوتنێكە كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێران و توركیە و ئەمریكا دێتەوە كە بۆ نائەمن كردنی ئەو سنوورانەیە كە لێرەەدا یەك بە یەك باسیان لەبارەوە دەكەم.
ئێران لەراستیدا چەند ئامانجێكی دیاریكراوی هەیە یەكەمیان ئەیهەوێت لە رێگای بۆردومان كردنی پەژاكەوە پەیامێك بداتە توركیە كە من و تۆ هەڕەشە و مەترسییەكی هاوبەشمان لەسەرە و دەتوانین رێك بكەوین، دەشیهەوێ‌ ئەم رێككەوتنەی خۆی لەگەڵ توركیە بەدژی پەژاك و پەكەكە بەگوێی توركیەدا بدات بە نیسبەت ئاڵوگۆڕەكانی سووریەوە.
لایەنێكی دیكەش ئەوەیە كە ئێستا لەنێو كوردەكانی سووریە \"پ . ك . ك\" یەك لەو هێزانەیە كە پێگە و رێكخستنێكی بەهێزی هەیە و ئێرانیش لەوە دەترسێ‌ كە لەوانەیە لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەت و ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەدژی سووریە، ئەم هێزەی پەكەكەش ( پەژاك) لەگەڵ ئەمریكا رێك بكەوێت بۆ لەناو بردنی حكوومەتی بەشار ئەسەد، بۆیە ئەیهەوێت لە رێگای سەربازییەوە زەربەیەك لە پەكەكە بدات و توانای مانۆڕی پەكەكە لە كوردستانی سووریە لاواز بكات. ئامانجی سێهەمیشی ئەوەیە كە ئێران و توركیەش هیچكامیان حەز ناكەن بەو گۆڕانكارییانەی كە لەوانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەنجامی گۆڕان لە سووریە روو بدەن، بەگشتی پێگەی كورد لە ناوچەكە و هەرێمی كوردستاندا بەهێز ببێت، بۆیە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان نائەمن ئەكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان زیاتر بەم كێشانەوە سەرقاڵ بێت و نەیپەرژێتە سەر ئەو كێشانەی كە ئێستا كورد لە سووریە بەرەوڕوویەتی، هەرچەند گرینگی و ئاوەڕادانە و نەدانەوەی هەرێمی كوردستان لە پرسی كورد لە سووریە دەتوانێ‌ شتێكی لاواز بێت و ناتوانێ‌ مەسەلەیەكی بەرفراوان بێت. بەڵام ئەگەر كار بگاتە سەر ئەوەی كە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بكرێتە سەر سووریە، ئەوكاتە ئیدی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هێزی مانۆڕدانی زیاتر دەبێت، بۆیە ئێران دەیهەوێ‌ لەرێگای نائەمن كردنی سنوورەكان و لە رێگای وشك كردنی ئاوی رووباری ئەڵوەن و سیروانەوە و كۆمەڵێك مەسەلەی دیكەوە كە وەك كارتی فشار كەلە پێوەندییەكانی خۆی و هەرێمی كوردستاندا بەكاری ئەهەێنێ‌، نەختێ‌ گوشارەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیاد بكات هەتا لە ئەگەری رووداوێكی وەهادا حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیپەرژێتە سەر مەسەلەی كوردەكانی سووریە.
پرسی پەژاكیش لەم نێوەدا دەتوانین بێژین كەلە راستیدا پەژاك و پەكەكە یەكێكن، ئێران دەیهەوێت بە بیانووی پەژاكەوە گوشار بخاتە سەر پەكەكە بۆ ئەوەی ئیمتاز و پوانی زیاتری لێوەر بگرێ‌ بەتایبەت بە نیسبەت مەسەلەی توركیە ئەگەر بێت و لە داهاتوودا توركیە بە جیدی بكەوتە بەرەی دژی سووریەوە بۆ ئەوەی پەكەكە ناچار بكات كە چالاكی و هێرشەكانی خۆی زیاتر لەناو توركیە چڕتر بكاتەوە، هەوڵی ئەوە دەدات چالاكییە نیزامییەكانی بباتەوە ناو توركیە و سنوورەكانی بۆ نائەمن بكات، ئەمەش لە داهاتوودا ئەبێتە هۆی زیادبوونی شەڕ و پێكدادانەكانی پەكەكە لەگەڵ حكوومەتی توركیە. كە ئەگەر بێت و حكوومەتی توركیەش بەجیدی بكەوێتە دژی بەرژەوەندییەكانی ئێرانەوە ئەوكات ئەمەش هەر لە بەرژەوەندیی ئێراندا دەبێت.
مەسەلە و رۆڵی ئەمریكاش لەم نێوەدا ئەوەیە كە ئەمریكا لەگەڵ توركیەدا رێككەوتووە كەلە مەسەلەی سووریەدا ئەولەویەت بدات بە پشتیوانی كردنی توركیە و لەم نێوەشدا چاوپۆشی كراوە لە رۆڵی كورد لە ناوچەكەدا و راستەوخۆ ئەمە بەو واتایەیە كە ئەمریكاش چاوپۆشی لە رۆڵی كورد كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە هەر ئەوەی كە رێگا ئەدات بە توركیە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات، بەپێی یاسای پێوەندیی نێودەوڵەتی بۆی نیە بە ئێرانیش بڵێ‌ كە تۆ نابێ‌ هێرش بكەیتە سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.