حكوومەتی توركیە لە ماوەی 39 رۆژدا زیاتر لە 1000 كەسی دەستبەسەر كردووە

15:15 - 20 رێبەندان 2711
كوردپا: لە سەرەتای ساڵی 2012‌وە هەتا ئێستا زیاتر لە یەك هەزار كەس لە هاووڵاتییانی توركیە كە زۆربەیان كوردن لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی توركیەوە دەستبەسەر كراون.

بەپێی ئاماری هەواڵدەریی فورات نیوز، نزیك بە6200 كەس بە تاوانی هاوكاری و لایەنگری لە حیزبی \"KCK\" لە زیندانەكانی حكوومەتی توركیە دان.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، لەحاڵی حازردا 16 لێپرسراوی شارەوانی، 6 نوێنەری پارلەمانی لە حیزبی ئاشتی و دێموكراسی، 40 ئەندامی سەندیكا، 40 پارێزەر، 500 خوێندكار و بە سەدان چالاكی مافی مرۆڤ و فەرهەنگی لە گرتووخانەكانی حكوومەتی ئانكارا دان.

بەپێی ئامارە ناوخۆییەكانی توركیە، بەرلە هاتنە سەركاری حیزبی داد و گەشە لە توركیە لە ساڵی 2002‌دا60 هەزار زیندانی هەبوو، بەڵام ئیستا زیاتر لە 130 هەزار كەس لە گرتووخانەكانی حكوومەتی توركیە دان.

هەر لەو پێوەندییەدا لێپرسراوانی ئیستا و پێشووی میتی توركیە بە تاوانی وتووێژ لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان بانگهێشتی دادگای حكوومەتی توركیە كراون.

بەپێی یاساكانی حكوومەتی توركیە ئەندامان و لایەنگرانی پەكەكە وەكوو تاوانبار لە قەڵەم دەرێن و لەگەڵ سزا بەرەوڕوو دەبنەوە.