حوسێن کەمانگەر حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

16:56 - 10 خاکەلێوه 2721

حوسێن کەمانگەر، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی کامیاران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

دادگا ئەو زیندانییە سیاسییەی بە "بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە حوکمی داسەپاو دژی حوسێن کەمانگەر، بە بنەماڵە و پارێزەرەکانی ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە حاڵێکدا ئەو زیندانییە سیاسییەی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە کە پێشتر ناوبراو هەر بە ئەو تۆمەتە لەلایەن ئەو ئیدارەیەوە، دوو جار دەسبەسەر کرا و دواتر لە دادگا پاش دادگاییکردنی، بێتاوان ناسرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "پارێزەرەکانی ئەو زیندانییە سیاسییە، لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، داواکاری بۆ پێداچوونەوە لەمەڕ حوکمی سەپێندراو بەسەر حوسێن کەمانگەر، ڕەوانەی دادگا دەکەن".

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە، مانگی پووشپەڕ و مانگی ڕێبەندانی ٩٩، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو زیندانییە سیاسییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.