حوسێن عوسمانی پاش ٨ ساڵ لە زیندانی ورمێ ئیزنی مەرەخەسی پێدرا

17:17 - 12 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەر، حوسێن عوسمانی، زیندانی سیاسیی کورد خەڵکی شاری مەهاباد لە زیندانی ورمێ پاش ٨ ساڵ زیندانی ئیزنی مەرەخەسی پێدرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە تەمەن ٦٠ ساڵەیە بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی بۆ یەکەم جار، ئیزنی مەرەخەسی پێدراوە و لە ماوەی ئەو ٨ ساڵەدا لە مافی مەرەخەسی بێبەری کرابوو.

حوسێن عوسمانی ڕیکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٢، لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ساڵێک لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەحمەد جەوادیی ‌کیا" لەگەڵ دوو هاودۆسییەی دیکەی بە ناوەکانی "سابیر شێخ‌ عەبدوڵڵا" و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە" بە تۆمەتی "دانانەوەی بۆمب و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

حوکمی لە سێدارەدانی حوسێن عوسمانی لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووە و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری مەهەباد بە ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دادگایی کردنی دووبارە  لە ساڵی ٩٧، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا و پاش ١١ مانگ زیندانی لەو زیندانە و کۆتایی دادگاییەکەی، مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، ڕاگوێزرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩٩، حوکمی لە سێدارەدانی سابیر شێخ‌ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەی خەرمانانی ساڵی ٨٩ لە شاری مەهاباد لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا.