ح.د.ک: جموجۆڵی ئێمە لەناوچە سنوورییەکان لەچواچێوەی چالاکییە تەشکیلاتییەکان دایە

13:48 - 5 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی جێگیر بوونی هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەناوچە سنوورییەکانی شنۆ، باس و خواستێکیش سەبارەت بە ناردنی هێز لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لە ئارادایە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش بڵاو بوونەوەی هێندێ هەواڵی نافەرمی سەبارەت بە ناردنی هێز لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بۆ پشتیوانی لەهێزەکانی حدکا، بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی ح.د.ک ناردنی هێزەکانیانی بۆ سەر سنوور لەچوارچێوەی کاروباری تەشکیلاتیدا لەقەڵەم دا.

مستەفا مەولوودی لەوتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا رایگەیاند، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هێزەکانمان بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری تەشکیلاتی لە سنوورەکانی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران جموجۆڵیان هەبووە.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی ح.د.ک ناردنی هێزی لەچەند رۆژی رابردوودا بۆ سەر سنوور پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە وردەکارییەکانی ئەو هێزە نەکردووە.

\"26703.jpg\"
مستەفا مەولوودی: لە حاڵی حازردا هێزەکانمان لە ناوچەی سنووری شنۆ ئامادەییان هەیە
ناوبراو ئەو هەواڵانەی بە دوور لەراستی زانی کە هێزەکانی ح.د.ک بە مەبەستی پستیوانی لە حدکا چووبێتنە ناوچە سنوورییەکان.

مەولوودی دەڵێ: هەتا ئێستا لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە داواکارییەک لەپێوەندی پشتیتوانی کردن نەهاتووەتە بەرباس و ئێمەش هیچ هێزێکمان بۆ پشتیوانی لە ئەوان ڕەوانە نەکردووە، بەڵام هاوکاری کردن لەگەڵ حدکا بە دوور لەچاوەڕوانی نازانم.

مستەفا مەولوودی ناردنی هێزی بۆ قەندیل رەت کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە هێزەکانیان بە لەبەرجاوگرتنی دۆخی سیاسی و ئەمنیەتی ناوچەکە، تەنیا بەشێوەی کاتی لەناوچە سنوورییەکانن.

رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٥ کۆمەڵێک کەس لە پێکهاتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جیا بوونەوە و لە ژیر ناوی \" حیزبی دێموکراتی کوردستان\" چالاکی سیاسی ـ تەشکیلاتی خۆیان لەناوچە کوردنشینەکان دەست پێکرد.

هەتا ئێستا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە بە فەرمی دانی پێدا نەنراوە، بەڵام دانیشتن و کۆبوونەوەکانیان بە مەبەستی یەکگرتنەوە بەردەوامە.

رێبەرایەتی هەر دوو لا پێداگرن لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەو یەکگرتنە روو بدات بەڵام هەتا ئێستا و پاش ٨ ساڵ ئەو دوو لایەنە سیاسییە بەشێوەی جیا چالاکی دەکەن.

ح.د.ک پاش شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران(شەڕی کێلەشین)، هەوڵەکانی پەکەکەی مەحکووم کرد و بە کارێکی خۆسەرانە لەقەڵەمی دا.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردان تێکهەڵچوونێک لەنیوان پەکەکە و حدکا لەناوچەی سنووری شنۆ رووی دا و تێیدا گیان لەدەست دان و بریندار بوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی هەر دوولای لێکەوتەوە.

دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پارتی کرێکارانی کوردستانی بە هێرشی یەکلایەنە مەحکووم کرد.