١٥ حاڵەتی دەسبەسەرکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ١٤٠٠ لە کوردستاندا

13:40 - 14 خاکەلێوه 2721

ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز هەموو ساڵێک لە شار و گوندەکانی کوردستان لەلایەن گرووپە خەڵكییەکان و بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و هەڵپەڕکێ و شایی و گۆڤەندەوە بەڕیوە دەچێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییەدا، بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمانە  دیدی "ئەمنییەتیـ"ـیەوە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا چاوی لێ دەکرێت و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێوڕەسمانە هەڵسوکەوتی "ئەمنییەتیـ"ـیان لەگەڵ دەکرێت.

لە بەرەبەری نەورۆزی ١٤٠٠ و ڕۆژانی دواتریش، ئەو دوو ناوەندە ئەمنییەتییە وێڕای هەڕەشەکردن و گوشارهێنان بۆ سەر بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکان و پێشگیری لە بەڕێوەبردنی هەندێک لە ڕێوڕەسمەکاندا، ١٥ کەسیان دەسبەسەر و هەروەها ژمارەیەکیان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کردووە.

حاڵەتەکانی دەسبەسەرکردن:

دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ١٤٠٠ لە کوردستاندا کە خەڵکی شارەکانی مەریوان، شنۆ، بانە و سنە بوونە و ژمارەیان هەتا ئێستا ١٥ کەس بووە بە شێوەی خوارەوەیە؛

٣٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٩؛ دەسبەسەرکرانی هادی خالندزادە لە گوندی کانی‌ڕەش سەر بە شنۆ

١ی خاکەلێوە؛ دەسبەسەرکرانی سەرۆک ئەبۆلقاسمی لە سنە

٢ی خاکەلێوە؛ دەسبەسەرکرانی ساڵح حەسەن‌پوور، عیسا حەسەن‌پوور، عەلی حەسەن‌پوور و موراد رەهاوەرد لە گوندەکانی کانی‌ڕەش و قەڵاتیان سەر بە شنۆ

٣ و ٤ی خاکەلێوە؛ دەسبەسەرکرانی سەلمان ئەفرا، سەیوان پەرتۆ، ئارام نیک‌پێی و جەماڵ گرامی خەڵکی گوندی نێ سەر بە مەریوان

٥ی خاکەلێوە؛ دەسبەسەرکرانی ڕێبوار قادری، پەرویز قادری، بێهرووز قادری، هاوژین قادری و جەلیل خودایی خەڵکی گوندی یاقووباوا سەر بە بانە

 حاڵەتەکانی بانگهێشتکردن:

لە بەرەبەری نەورۆزی ١٤٠٠دا، زیاتر لە ٥٠ چالاکی مەدەنی لە شارەکانی مەهاباد، میاندووئاو، نەغەدە، بۆکان، پیرانشار، شنۆ، سەردەشت، ڕەبەت، بانە، سەقز، سنە، مەریوان، کامیاران، دێولان و جوانڕۆ، بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون. ئەم کەسانە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ٩٩، لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو شارانە بانگهێشت کراون و سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز هۆشدارییان پێ درابوو.

میلیتاریزەکردنی شار و گوندەکانی کوردستان:

لەم ڕۆژانەدا هێزەکانی سپای پاسداران بە بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی، میلیتاریزەکردنی شار و گوند و بەستنی ڕێگاکان لە هەوڵی پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز بوونە، لەوانە؛

٢٦ی ڕەشەمەی ٩٩؛ میلیتاریزەکردن و مانۆڕی نیزامی لەلایەن هێزە نیزامییەکان لە سنە و کرماشاندا

٢٩ی ڕەشەمەی ٩٩؛ میلیتاریزەکردنی ڕێگای هاتن بۆ کێوی تەرەغەی بۆکان لەلایەن هێزەکانی سپا بە مەبەستی پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەی نەورۆز

٣٠ی ڕەشەمەی ٩٩؛ گەمارۆدانی گوندەکانی "سیسێر"ی ڕەبەتی سەردەشت و گوندی 'نێـ"ـی مەریوان، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران بە هاوکاریی هێزە ئینتیزامییەکان بە مەبەستی پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز. ئەم هێزانە هەروەها تەلەفوون و بەرقی گوندی سیسێریان پچڕاندووە و بە بەستنی ڕێگاکانی پەیوەندیدار بە ئەو گوندە، لە هاتنی ئەو هاووڵاتییانە کە ویستوویانە بۆ بەشداریکرن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بچنە نێو گوندی سیسێر، ڕێگرییان کردووە.

١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠؛ میلیتاریزەکردنی گوندی "نێ" سەر بە مەریوان بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بۆ پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز. هێزە نیزامییەکان ڕێگاکانی هاتن بۆ ئەو گوندەیان بە چەکی قورس و نیوە قورس میلیتاریزە کردبوو و بەرقی گوندەکەشیان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ پچڕاندبوو.

تەنزیم: ئەوین مستەفازادە