جەیشولعەدل: لانیکەم یازدە کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون

15:09 - 6 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: تێکەڵچوونێک لە نێوان ڕێکخراوی جەیشولعەدلی ئێران و هێزەکانی قەرارگای قودسی سپای پاسداران لە ناوچەی \"تەهلاب میرجاوە\" سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ڕووی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕ، لە نێوان هێزەکانی ڕێکخراوی جەیشولعەدل و هێزەکانی قەرارگای سپای قودسی پاسداران لە میرجاوە، شەڕ و تێکەڵچوون ڕووی داوە، کە جەیشولعەدل هەواڵی کوشتنی یازدە کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانی پشتڕاست کردووەتەوە.

جەیشولعەدل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە: \"بەم بۆنەوە ڕێکخراوی جەیشولعەدل، خەڵکی سەرتاسەری ئێران ئاگادار دەکاتەوە، کە ڕۆڵە قارەمانەکان لە گوردانی شەهید مەولەویی نعمەتوڵڵا تەوحیدی، شەوی ٤ی پووشپەڕ توانیان لە شارستانی \"میرجاوە\" سەر بە \"ناوچەی تەڵخاپ\" لە ئۆپراسیۆنێکی بەرنامەبۆداڕێژراو، زیانێکی قورس و گەورە بە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی وەلایەتی فەقیهـ بگەینن.

ئەم ڕێکخراوەیە جەختی کردووەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان لە یەکە هەواڵدەرییەکانی جەیشولعەدل، لە کۆی شەڕ و تێکەڵچوونەکانی شەوی ڕابردوودا، لانیکەم یازدە کەس لە هێزە جەنایەتکارەکانی ڕێژیمی تێررۆیستپەروەری وەلایەتی فەقیهـ کوژراون و ئۆرگانە تێرۆریستییەکانی سپا و مێرساد خەسارەتێکی لۆجستیکیی قورسیان بەر کەوتووە.

ڕێکخراوی جەیشولعەدل شوناسی ژمارەیەک لە کوژراوەکانی سپای پاسدارانی ڕاگەیاند، کە ناوەکانیان بەم چەشنەیە:

١ــ ئیسماعیل گومشادزەهی
٢ـ مەحموود گومشادزەهی
٣ـ عابد گومشادزەهی
٤ـ محەممەدئەیووب گومشادزەهی
٥ـ ڕەحمەتوڵڵا نووتی زەهی
٦ـ ئەکبەر نووتی زەهی
٧ـ شەهباز نووتی زەهی
٨ـ عابد ڕیگی
٩ـ پاسدار جەواد مەلا شاهی


لە لایەکی ترەوە پێوەندییە گشتییەکانی سپا لە قەرارگای قودسی هێزی زەوینیی سپای پاسداران، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی جەیشولعەدلی ڕەت کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە: \"ئێوارەی ڕابردوو (٤ی پووشپەڕ)، تیمێکی تێرۆریستیی سەر بە گرووپە تەکفیرییەکان لە ناوچەی تەهلاب میرجاوە (میل ٩٦) دەیانەویست بێنە نێو خاکی کوماری ئیسلامیی ئێرانەوە و کاری تێکدەرانە و تێرۆریستانە ئەنجام بدەن، کە بە هۆی وریایی هێزەکانی جێگیر لە ناوچە سنووریییەکان هەوڵەکەیان بێئاکام مایەوە و پاش شەڕ و تێکەڵچوون و زیان پێگەیشتن، هەڵهاتن.

لە درێژەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: \"لە تێکەڵچوون و شەڕ لە نێوان هێزەکانی قەرارگای قودسی هێزی زەوینیی سپا و تێرۆریستەکان، سێ تێرۆریستی تەکفیری کوژراون و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون و کەسانی دیکەیان بەرەو خاکی پاکستان هەڵهاتوون؛ هەروەها دوو کەس لە بەسیجییەکانی خۆجێی ناوچەکە و پاسدارێکی قەرارگای قودسی هێزی زەوینیی سپا لەم شەڕ و تێکەڵچوونەدا گیانیان لە دەست داوە\".

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو گرووپانەی کە لە سیستان و بەلووچستان خۆیان بە بەرگریکاری خەڵکی بەلووچ دەزانن و لەو پێناوەدا چالاکی دەکەن، بە گرووپە تێرۆریستییەکان ناویان لێ دەبات.