جەیشولعەدل بەرپرسیارەتیی خۆی لە کوژرانی ٨ کەسی لە هێزە نیزامییەکان راگەیاند

15:27 - 18 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆسەر هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنووری سیستان و بەلووچستان، ٨ کەس کوژران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە، ٨ کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەئەنجامی هێرشی کەسانێکی چەکداردا لە ناوچەی سیستان و بەلووچستان، کوژران.

هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان لەو بارەیەوە بڵاویان کردۆتەوە: ئەو هێرشە بۆ سەر پاسگەیەکی سنووری لە نیوان \"پیشین و باهوکلات\" لە ئوستانی سیستان و بەلووچستان، ئەنجام دراوە.

رێکخراوی \"جەیشولعەدل\" لە بەیاننامەیەکدا لە وێبلاگی فەرمیی خۆی، بەرپرسیارەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرتووە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: \"هێزەکانی جەیشولعەدل توانیان لە ناوچەی نگور ماشینێکی هێزە داگیرکەرەکانی میرساد بە چەکی ئارپیجی لەنێو ببەن و ماتۆڕێکی ئەو هێزانەش کەوتە بەر هێرش، کە ٨ کەس لە هێزەکانی میرساد لەو بۆسەیەدا کوژران و چوار قەبزە کڵاشینکۆف و یەک قەبزە چەکی تیربار گرینۆف وەکوو دەستکەوت کەوتۆتە دەستی هێزەکانمان\".

\"25844.jpg\"
رێکخراوی \"جەیشولعەدل\" لە بەیاننامەیەکدا لە وێبلاگی فەرمیی خۆی، بەرپرسیارەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرتووە
ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە \"ئەو بەرخۆدانە هەتا کاتی بە دەستەوە گرتنی چارەنووسی سیاسی و دەسەڵاتی خەڵک بەردەوام دەبێت و ئەو خۆڕاگرییەش هەتا ئەو کاتەی زوڵم و ستەم لە ئارادا بێت، بە توندی و بەدژی سیاسەتە فاشیستییەکانی حکوومەتی ئیسلامی درێژەی دەبێت\".

هەروەها بەپێی راپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، لەئەنجامی ناردنی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ ناوچەی کوێستانیی قەسرقەند بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی جەیشولعەدل، هیلیکۆپتێرێکی سوپای پاسداران کەوتۆتە خوارەوەو لە ئەنجامدا دوو کەس لە سەرنشینانی هیلیکۆپتەرەکە کوژراون\".
قەسرقەند لە ١٣٠ کیلۆمیتریی سنووری وڵاتی پاکستان هەڵکەوتووە.

ئەو رێکخراوانەی کە خۆیان بە داکۆکیکاری خەڵکی بەلووچستان لەقەڵەم ئەدەن، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"شەڕئنگێز\" و \"تیمی تیرۆریستی\" لە قەڵەم دراون.