جەلال ڕۆستەمی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی کامیاران کرا

11:52 - 13 خەزەڵوەر 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، جەلال ڕۆستەمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری کامیاران بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بۆ دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرابووە.

"جەلال ڕۆستەمی"، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری ڕامسەر دەسبەسەر کرا و پاش دوو ڕۆژ بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی ٢٣ی بانەمەڕی ساڵی ٩٨، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزراوە و لە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرابوو.

سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.