جەعفەر ئۆسافی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

11:06 - 17 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژ، چالاکێکی مەزهەبی بە ناوی "جەعفەر ئۆسافی"، تەمەن ٣١ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

هەواڵدەریی هێرانا ڕایگەیاندووە: "ئەو چالاکە مەزهەبییە بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە".

لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو چالاکە مەزهەبییەی بە تۆمەتی "ئەندامبون لە گرووپە مەزهەبییەکان" بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرد و ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژ بە ناوبراو لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٩٩، ئەو چالاکە مەزهەبییە پاش تێپەڕاندنی ٣٨ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کربووەوە سەر ماڵی جەعفەر ئوسافی و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

"جەعفەر ئوسافی" بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی "پرسیار و وڵامی شەرعی سوننی مەزهەب و  جەماعەت" بوو.