جەزایری: دوژمن پاش برنامەی ناوکی، مافی مرۆڤی دەخاتە بەرباس

14:05 - 20 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوێکی پایەبەرزی نیزامی، سەبارەت بە لێدوانی وەزیری کاروباری دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ \"وتوێژی راشکاوانە لە بواری مافی مرۆڤ\"دا، پەرچە کرداری نواند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لێدوانی محەمەد جەوادی زەریف لە چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتی دانمارک لە مەشهەد، دژکردەوەی توندی جێگری بەرپرسی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی لێکەوتەوە.

مەسعوود جەزایری، کە سەبارەت بە هەڵوێستی رۆژئاوا لە بواری مافی مرۆڤدا پەرچەکرداری هەبووە، راشیگەیاندووە؛ ئەمریکا و رۆژئاوا شیاوی ئەوە نین کە سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ وتووێژیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەو لێپرسراوە نیزامییە، ئەندێشە و بیری \"ئۆمانیسم\" و بنیاتی \"لیبرالیسم\" بەرەو \"پووچگەرایی\" لەقەڵەم داوە و وڵاتانی دەرەکیی بە دەستێوەردان لە کاروباری مافی مرۆڤدا تۆمەتبار کردووە.

بەرپرسی ستادی تەبلیغاتیی بەرگریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، تەنیا پاش سێ رۆژ لە ئاخاوتنی محەمەد جەوادی زەریف سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستان سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ لەگەڵ رۆژئاوا، ئەم هەڵوێستەی دربڕیوە.

مەسعوود جەزایری پرسی مافی مرۆڤی بە \"بەرەوپێشبردنی شەڕی نەرمی دوژمنانی ئێران\" وەسف کردووەو هاوکات پێشبینیی ئەوەی کردووە، کە \"دوژمن\" پاش بەرنامەی ناوکی، پرسی مافی مرۆڤ دێنێتە بەرباس.

\"22000.jpg\"
یەكەمین پەرچەكرداری بەرەی بناژۆخۆازەكان بە دانیشتنی زەریف و لیدگارد لەلایەن ماڵپەڕی \"فەرهەنگ انقلاب اسلامی\"‌‌ی سەر بە سپای پاسداران بووە و بەم شێوەیە باسی لە دانیشتنەكە كردووە، \"رۆژ لەگەڵ رۆژ وتووێژەكان ئەستەمتر و گرێ‌کوێرەیان زیاتر دەبنەوە و لایەنی رۆژئاواش كە دەبینێ‌ئێران نەرمی لەخۆی نیشان دەدات، ئاستی داواكاری و چاوەڕوانییەكان دەباتە سەر و هێنانە بەر باسی هێندێ‌بابەتی نوێ‌لەمپەڕ دەخاتە بەر بە ئەنجام گەیشتنی وتووێژەكان.

پێشتر لە مانگی رێبەندانی ١٣٩٢‌دا زەریف لە دانیشتنەكانی كۆنفرانسی ئەمنیەتی مونیخ باسی \" زیندوو كردنەوە و سەر لەنوێ‌دەسپێكردنەوەی وتووێژەكانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ لەئێران\" كردبوو.

ناوەندە و چالاكانی مافی مرۆڤ لەئێران و جیهان لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا لەو هێوایەدا بوون كە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید دۆخی مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی سیاسییەكان بەرەو باشتر بوون دەبات، بەڵام دوای تێپەڕینی یەك ساڵ بە سەر دەسەڵاتی رۆحانیدا دۆخی مافی مرۆڤ لەكوردستان و ئێران بەرەو خرابی روێشتووە.