جێگری ڕێکخراوی بەسیجی ئێران باسی لە ژیانی ئاشتیخوازانەی شێعە و سوننی کرد

20:59 - 13 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: جێگری ڕێکخراوی بەسیج و ڕۆحانییەکانی ئێران ڕایگەیاند: پێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانەی موسڵمانانی شێعە و سوننی لە تەنیشتی یەکتر، یەکیەتی خەڵک بۆ بەرنگاربوونەی ئیستکبار، پشتیوانی لە هەژاران لە بەرانبەر زاڵمدا، تەنیا بەشێک لە ئامانجی سەرەکیی ئینقلابی ئیسلامی بەئاژمار دێت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، عەلی ئەکبەر داربکەلایی، لە کاتی ڕەوانە کردنی کەسانێک بۆ ناوچەکانی شەڕ، لە ژێر ناوی \"راهیان نور\"دا، ڕایگەیاند بە هەڵسەنگاندنی هەوڵەکانی دوژمن لە ئەفغانستان، پاکستان و عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، تەواوی هەوڵەکان بۆ خەبات لە پێناوی پێکهێنانی ئینقلابی ئیسلامییە، کە بڵاوبوونەوەی تەواوی ئەو بیرۆکەیە بە نیشانەی لە ناوچوونی بیروباوەڕ و هەوڵەکانی ئیستکبار لە جیهاندایە.

ئەو بەرپرسە لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی، تەواوی ئەو هەوڵانە دەتوانن بە نیشانەی لێکترازانی ڕیزی بەکرێگیراوەکانی ئیستکبار و کوژاندنەوەی ئاگری هەوڵە دوژمنکارانەکانی ئەوان لە جیهاندا بێت.

بانگەشەکانی ناوبراو لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی قەزایی ئێران ڕۆژی سێ‌شەممە ١٢ی گەلاوێژ، باسی لە ئێعدام کردنی ژمارەیەک لە زیندانیانی سوننی مەزهەب بە تۆمەتی \"دوژمانایەتی لەگەڵ خودا\"، \"سەر بە گرووپە
چەکدارەکان\" و \"تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکان\"، کرد.

شوناسی ئیعدام کراوەکان دوێنی بەناوەکانی \"شەهرام ئەحمەدی، خالید مەلەکی، موختار ڕەحیمی، بەهمەن ڕەحیمی، کاوە وەیسی، ئارش شەریفی و کاوە شەریفی\" ڕاگەیەنراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێ‌شەممە، ٢١ زیندانیی سوننی مەزهەب لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئێعدام و نزیکەی ١٧ زیندانیی دیکە، ئەگەری ئیعدام کردنیان لە ئارادایە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە کاتێکدا باس لە پێکەوە ژیانی ئاشتیخوزانەی نێوان موسڵمانانی شێعە و سوننی دەکات، کە لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە لە ئیران، لە ناوچە هەژارنشین و سوننی مەزهەبەکانی کوردستان و سیستان و بەلووچستان، خەڵکی ئەو ناوچەیە، بە هۆی مەسەلەی سوننی بوون و نەتەوەیی بونیان زیاتر سەرکوت کراون و ڕێژەی ئیعدامی زیاتری تێدا ئەنجام داوە.