جێژنی رەمەزان لەزیندانی رەجایی شاری کەرەج/ کۆتایی مانگرتنی ٥ چالاکی ئازەری

04:51 - 18 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٥ چالاکی ئازەری زمان سەرئەنجام پاش تێپەڕبوونی ٢٥ رۆژ بەسەر مانگرتنەکەیاندا، رۆژی رابردوو مانگرتنی خۆیان شکاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی رابردوو ٥ چالاکی ئازەربایجانی لەسەر داوای هاوبەندی و بنەماڵەکانیان کۆتاییان بە مانگرتنی ٢٥ رۆژەی خۆیان هێــنا.

یەکێک لە زیندانیانی رەجایی شرای کەرەج وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو ٥ چالاکە نەتوەییە ئازەری زمانە کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنـا، بەڵام بارودۆخی تەندرووستیان هەروا نالەبار و مەترسیدارە.

ئەو زیندانییە رایشگەیاند، مانگرتنی ئەو ٥ چالاکە بەبۆنەی جێژنی رەمەزانەوە کۆتایی پێ هات و هەروەها ئەمڕۆ بنەماڵەی ئەو ٥ چالاکە چاویان بە رۆڵەکانیان کەوت.

\"14486.jpg\"
لە رێکەوتی ٢٢ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵەوە ٥ چالاکی ئازەری زمان بەناوەکانی \" مەحموود فەزلی، آیت مهر عەلی بەیگلوو، شەهرام رادمێهر، بێهبوود قولی زادە و لەتیف حەسەنی\" بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٩ ساڵ حوکمی زیندان و سەرجەم ٤٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری دادگای ئیقلابی شاری تەورێز مانیان لە خواردن گرتبوو.

هەروەها لە جێژنی \"سوور دڵەکان و سەرکەوتنی ئیرادە\" کە لەلایەن \"سەعید رەزایی\"ـەوە دەستی پێ کرد، سەرجەم زیندانیانی ساڵۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە سەرجەم گروپ و حیزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکان پیرۆزبایی جێژنی رەمەزانیان لە یەکتر کرد.

لەو رێـوڕەسمەدا \"خالید حەردانی\" زیندانیی سیاسیی عەرەب و چالاکی مافی مرۆڤی ئەهوازی ٢ هۆنراوەی شێعریی خۆی بۆ بەشداران خوێندەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا \"مەهدی موعتەمێدی‌مێهر\" غەزەڵێکی پێشکەش بە دایکان و بنەماڵەی زیندانیان کرد و لە کۆتاییشدا چەندین پەخشان و شێعر بە زوانی ئازەری خوێندرایەوە.