جیاوازی نێوان داهاتەکان لە ئێران نێزیک بە ٥ قاتە

15:38 - 11 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار باس لە بوونی جیاوازی ٤.٣ قاتی داهاتی ساڵانەی خانەوارەکان لە ئێراندا دەکات.

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار سەبارەت بە دۆخی تێچوو و داهاتی خانەوارە کرێکارییەکان و خاوەن پیشەکانی کەرتی تایبەت، ڕێژەی داهات و تێچوو لە یەکە جیاوازەکان لانیکەم ٥ قات جیاوازییان هەیە.

داهاتی ساڵانەی خانەوارەکانی نیشتەجێ لە شارەکان لە کەمترین ڕێژەی خۆیدا ٤ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە و لە زۆرترین ڕێژەشدا ١٩ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە. بەواتایەکی دیکە لانیکەم ٢٣%ی موچەخۆرە شارنشینەکان لە کەرتی تایبەتدا لە مانگدا تەنیا ٣٧٥ هەزار تمەن داهاتیان هەیە و لە سەرووی ٤٠٠ هەزار تمەنیش تێچووی مانگانەیان هەیە.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لە شارە گەورەکاندا تێچووی ژیان لە مانگدا لە سەرووی ٣ میلیۆن تمەنە و وەک وەزیری کاری حکومەتی ئیسلامی دەڵێ: دوا لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە لە ماوەی ٣ دەیەی ڕابردوودا حەقدەست و موچەکان لە نرخی هەڵاوسانی ٣١%ی دوور کەوتوونەتەوە کەواتە هێزی دابین کردنی پێداوستییەکانی ژیان لەلای چینی کرێکار هەر بەم ڕێژەیە کەمی کردووە.

ئەم ئامارانە بە لەبەرچاوگرتنی ئامارەکانی ساڵی ٩٣ ئامادە کراون و وەک کارناسانی سەربەخۆ دەڵێن چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی ژیانی چینە کەم داهاتەکانی ئێران لە ئێستادا دەری دەخات تاکەکانی کۆمەڵگای ئێران لە مانگدا لانیکەم ٥٠% کەمی داهات ئەزمون دەکەن.