جه‌لالی مه‌له‌كشا، شاعیر و نووسه‌ری ناوداری کورد كۆچی دوایی كرد

10:02 - 11 خەزەڵوەر 2720

 ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر، جەلال مه‌له‌كشا شاعیرێکی بەناوبانگی کورد، لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا، بەهۆی جەڵتەی دڵ لە شاری سنە، کۆچی دوایی کرد.

 ئەو شاعیرە ناودارە کوردە، ساڵی ١٣٣٠ لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایک بووە و هه‌ر لە منداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە.

سه‌ره‌تا بە نووسینی شێعر، په‌خشان و چیرۆکی فارسی ده‌ستی پێكرد، لەبەر هێز و به‌هره‌كه‌ی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوی هه‌بێت، بووه‌ ئەندامی "کانوونی نووسەرانی ئێران".

جەلال مەلەکشا، پاش ساڵی ١٣۵٧ ک.ھ به زمانی کوردی بابەت بڵاو دەکاتەوە و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی ١۴ ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و گرینگی زۆر بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.
شێعرەکانی جەلال مەلەکشا بە چەند زمان لەوانە فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سوئیدی و چەندین زمانی دیکە وەرگێڕدروان.

بەشێک لە شێعرەکانی لە توێی کتێبێکدا بە ناوی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان" و چیرۆكێكی به ناو "کاره‌سات" چاپ و بڵاو بووەتەوە.

جەلال مەلەکشا شەرەفی شێعر بوو. "شاعیری دڵی خۆی بوو" و هیچ كات پێنووسی ملكه‌جی دەسەڵات نه‌بووە و کۆچی ئەو شاعیرە بە ناوبانگی کوردە بۆ زمان و وێژەی کوردی خەسارێکی گەورە بوو.