تەنیا لە ٧ گوندی پارێزگای کرماشان ١١٠ ژنی کۆڵبەر بوونی هەیە

16:37 - 2 رەشەمه 2720

یەکێک لە چالاکانی سێنفیی شاری مەریوان لە وتووێژێکدا، لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنا" دەڵێت: "تەنیا لە ٧ گوندی پارێزگای کرماشان، ١١٠ ژن، کە خەریکی کۆڵبەرین، شوناسیان ڕوونە".

بە وتەی عەبدوڵڵا بلواسی؛ ئەو ١١٠ ژنە کۆڵبەرە هەنووکە لە ژێرچاوەدێریی "بونیادی بەرەکەت" کار دەکەن  خەڵکی شارەکانی سەوڵاوا، بانە، کامیاران لە پارێزگای سنە و پاوە، سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ و ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشانن.

ئەو چالاکە کرێکارییە مەریوانییە لە درێژەی ئەو وتووێژەدا، دەڵێت: "هەر چەندە لە پارێزگا سنوورییەکان هەلی کار زۆر کەمە و هیچ کات پشتیوانی کارە هەنووکەییەکان ناکرێت، بەو هۆیەوە ئەو کەسانە کە بە دوای کاردا دەگەڕێن بە ناچاریی ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن، ئەوەیکە ژنان بیانهەوێت وەها کارێکی پڕمەترسیدار هەڵبژێرن، بە هیچ شێوەیەک ئەم کارە "پیشە" نییە بۆ ژنان."

عەبدوڵڵا بلواسی هەروەها دەڵێت: "ناساندنی ئەو ١١٠ ژنە کۆڵبەرە، سەرەتاییه و بێ گومان ئاماری ڕاستیی ژنان کۆڵبەران زۆر لەوە زیاترە، ئەم ئامارە تەنیا تایبەت بە ٧ گوندی پارێزگای کرماشانە و ئاماری ڕاستیی ژنانی کۆڵبەر لەو پارێزگایە بە گشتیی چەند بەرانبەرە.