تەنیا لە ٤٠ ڕۆژدا بنەماڵەی ١٠٠٠ کرێکار نانبڕاو کران

15:30 - 22 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری خەڵکی شاهین شەهری ئیسفەهان لە مەجلیسی نۆیەم ڕایگەیاندووە؛ لە ماوەی ٤٠ ڕۆژدا لانیکەم ١٠٠٠کرێکار دەرکراون.

ڕۆژنامەی \"ابرار اقتصادی\" لە ژمارەی ڕۆژی ٢٢ی بانەمەڕی خۆیدا، لە زاری حسەینعەلی حاجی دەلیکانی بڵاوی کردەوە؛ کێ وەڵامی ژن و منداڵی بێتاوانی ئەم کرێکارانە دەداتەوە کە بەهۆی نەشیاوبوونی بەرپرسانەوە نانبڕاو کراون؟

بلاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی جێگری خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کار کە گووتوویەتی: تاوتوێ کردنی پێوەر و تایبەتمەندییەکانی هەژاری لە ساڵی نوێ‌دا، دەریان خستووە کە کەلێنی هەژاری لە شار و گوندەکانی ئێران گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.

ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕیش هادی ئەبەوی بەرپرسی کانوونی ئەنجومەنە سینفییەکانی کرێکاران، بە ناوەندی هەواڵدەریی \"تسنیم\"ی ڕاگەیاند؛ \"ڕەچاو نەکردنی یاسای کار و چاوەدێری نەکردن بەسەر کارگەکاندا، بوونەتە هۆی پەرەسەندنی پیشەی نافەرمی بە بێ دابین کردنی کۆمەڵایەتی و بە حەقدەستی کەمەوە\". ناوبراو ئەوەشی زیاد کردووە کە لە ڕوانگەی کانوونی ئەنجومەنە سینفییەکانەوە، ئەم کرێکارانە لە ژێر هێڵی ژیاندا دەژین.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی داتەپینی ئابووری لە ئێران، زۆربەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان بە کەمتر لە نیوەی دەفرایەتیی خۆیان کار دەکەن و کرێکارانی ئەو یەکە بەرهەمهێنەرانەش، یان لەسەر کارەکەیان دەرکراون و یان بە حەقدەستی کەمترەوە درێژە بە کارەکانیان دەدەن، کە بەو حاڵەشەوە لەگەڵ دواکەوتنی دانی مووچەکانیان بۆ چەندنین مانگ لە لایەن خاوەنکارانەوە بەرەوڕوون.