تەقەی ڕاستەخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی کۆڵبەرێکی ئەستاند

20:26 - 7 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد لە شاری سەردەشت، گیان لە دەست دانی کۆڵبەرێکی کورد و برینداربوونی دوو کۆڵبەرێکی دیکەی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی \"بلفت\"ی شاری سەردەشت کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و لە ئاکامدا یەکێک لە کۆڵبەرانی کورد گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە،ئەو کۆڵبەردە کوردە خەڵکی گوندی\"بنوخلیف\"ی شاری سەردەشت بووە.

\"سلیمان
سولەیمان عەبباسی، کۆڵبەری کوژرا و خەڵکی گوندی \"بنوخلیفـه\"
ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان کۆڵبەرێک گیانی لە دەست داوە و دوو کۆڵبەریکی دیکە بە ناوەکانی عەبباس ڕۆستەمی و سەلاح ئیبراهیم زادە لەو ڕووداوەدا بریندار بوون.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، پاش دەستڕیژی هێزە ئینتزامییەکان لە کۆڵبەران، خەڵکی گوندی بنوخلیف هێرشیان کردووتە سەر پایەگای هێزە ئینتزامییەکان لە \"بردە پهن\"ـی شاری سەردەشت و لە نێوان خەڵک و هێزە ئینتزمییەکان شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی داوە.

بەپێی دوایین هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەتا ئێستا جەنازەی ئەو کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەممە کۆڵبەرێکی کورد بەناوی خالید ئەحمەدیان تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی حەسەن خەڵکی گوندی دێ گورجی سەر بە ناوچەی نەڵۆسی شنۆ لە سنووری پیرانشار بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی هەر دوو چاوی خۆی لە دەستدا.

ئەو کۆڵبەرەی خەڵکی شنۆ بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە شاری تاران کراوە.