تەقەی هێزە حکوومەتییەکان، هاووڵاتییەکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

21:59 - 17 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنووری سەلاس باوەجانی بە سەختی بریندار بوو.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە ١٥ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ماشێنی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەلاس باوەجانی، لە سنووری \"شێخ سەڵە\" دەدەنە بەر دەستڕێژ و ئەو هاووڵاتییە بریندار دەبێت.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە\"جەهانگیر ئەحمەدی\" کوڕی محەممەد ساڵح تەمەن ٣٤ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە گومانی ئەوەیکە ئەو هاووڵاتییە کوردە شتومەکی قاچاغی پێ بووە داوەتە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بریندار کردووە.

دەوترێت لە ئەنجامی تەقە کردنی هێزە حكوومەتییەکان لەو هاووڵاتییە کوردە، دوو گوللە بەر لاقی \"جەهانگیر\" دەکەوێ و ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەرپێلی زەهاو کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە تووشی خویژێژی داخلی بووە و پزیشکەکان بارودۆخی تەندروستی ناوبراویان نالەبار ڕاگەیاندووە.

تەقەی ڕاستەخۆی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد لە جاددەکانی کوردستانی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، یەکێک لە هۆکارەکانی کوشتنی هاووڵاتییانە، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕوون دەبێتەوە کە هاووڵاتییانی کوردە هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاغیان پێی نەبووە.

بە وتەی ساڵح نیکبەخت پارێزەری کورد، بەپێی یاسای بنەڕەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران،\"ئەگەر کەسێک شۆفیری ماشێنێک بێت، دەبێت سەرەتا تەقە لە لاستیکی ماشینەکە بکرێت و دواتر شۆفیرەکە دەستبەسەر بکرێت\".

ئەو پارێزەرە هەروەها دەڵێت: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بینراوە، هێزە حکوومەتییەکان بە بێ لە بەرچاوگرتن ئەو ماددە یاسایە، بە شێوەی ڕاستەخۆ شۆفیری ماشێنەکان دەدەنە بەر دەستڕیژ.