تەقە کردن لە کاسبکاران، سێ قوربانی لێکەوتەوە

23:09 - 4 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرانی کورد لە دووهەمین ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێ بوونە ئامانجی گوللەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی سنووریی شاری سەردەشت.

بەپێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"جەعفەر ئیبراهیمی\" کوڕی \"قادر\" لە نزیک گوندی دەرماناوێ\" بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان گیانی لە دەستدا.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە حەوتووی ڕابردوو، لەلایەن هێزەکانی سنوور پارێزەوە تەقەی لێدەکرێت و دەستبەجی گیانی لە دەست داوە.

دەوترێت، جەعفەر لە لای شان و ناوقەدیەوە دوو گوللەی ژ_٣ ی بەرکەوتووە.

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵنێری کوردپا، لە ئەنجامی تەقە بەربڵاوەکانی هێزە حکوومەتیییەکان، ٢ کۆڵبەری دیکەی کورد لە شاری سەردەشت بریندار و بۆ ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ دەگوازێنەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی کۆڵبەرە بریندارەکان ڕوون نەبووتەوە.

هێزە نیزامییەکانی هەنگی سنوور، سەرەڕای قوربانی کردنی سێ هاووڵاتیی کورد، زیاتر لە دەیان ئەسبی هاووڵاتییان داوتە بەر دەستڕێژی گوللە، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥٠ ئەسبی هاووڵاتییان لە کوژران.

ڕوودانی ئەو ڕووداوە هاوکات بوو لەگەڵ داخرانی ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی ڕابردووە دەستی پێکردووە و هەتا کۆتایی ئەم مانگە درێژی دەبێت.

بەرپرسانی حکوومەتی \"داخرانی ناوچە سنوورییەکان و سامان دانی کۆڵبەری لە تێپەڕگە فەرمییەکان\" هۆی سەرەکی داخستنی سنوورەکانی کوردستان ناو دەبەن و ڕادەگەیەنن.

دوو ڕۆژ پێشتریش کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە سنووری نۆدشە لە ناوچەی هەورامان بە هۆی هەڵگرتن و گواستنەوەیی شتومەکەوە، تووشی جەڵتەی دەڵ دەبێت و دەمرێت.

بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ٥٨ هاووڵاتیی بوونە قوربانی تەقەی هێزەکانی حکوومەتی، کە کوژرانی ٢٩کەسی لێکەوتەوە.