تەقینەوەی گوللـە تۆپێک لە پادگانی تەکاوەرانی پەسوێی پیرانشار کوژرانی ژمارەیەک پاسدار و سەربازی لێکەوتەوە

13:34 - 1 پووشپەڕ 2720

بەپێی هەواڵێک کە لە شاری پیرانشار بڵاو بووەتەوە، ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان لە پادگانی تەکاوەرانی پەسوێ لە گوندی "گردکشانە"ی شاری پیرانشار، لە کاتی تاقیکردنەوەی تۆپدا، گولـلە تۆپێک دەتەقێتەوە و ژمارەیەک لە پاسدارەکان لەو پادگانە دەکوژرێن و بریندار دەبن.

بەپێی قسەی هاووڵاتییانی شاری پیرانشار و بە تایبەتی خەڵکی پەسوێ، لەو ڕووداوەدا، ١٣ کەس لە هێزە نیزامییەکانی پایگای تەکاوەرانی پەسوێ، کوژراون.

بەپێی وتە بڵاوبووەوەکان لەلایەن هاووڵاتییانی خەڵکی پەسوێ، تاقیکردنەوەی ئەو تۆپە بە مەبەستی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان و تۆپبارانکردنی بنکە و مقەڕەکانی حیزبە کوردییەکان، بووە.

 هەر بەپێی قسەی دانیشتوانی پەسوێ و هاووڵاتییانی پیرانشار، بەرپرسانی ئەو پادگانە ڕۆژی  یەکشەممە جەنازەی کوژراوەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە.