تەقینەوەی مین کەمئەندامبوونی هاووڵاتییەکی لە سەردەشت لێ کەوتەوە

17:26 - 4 جۆزەردان 2721

ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شێرکۆ محەممەدپوور" خەڵکی گوندی "بێورانـ"ـی شاری سەردەشت، بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو و لاقێکی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە کۆنەکراوەکان لە زەوییەکانی سەردەشت، تووشی ئەو ڕووداوە ببوو.

شێرکۆ بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا سەرئەفراز"، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "تووە" سەر بە سەردەشت بەهۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بووە.

عەبدوڵڵا سەرئەفراز پاش تەقینەوەی ئەو مینە، سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی سەردەشت و دواتر بە هۆی قورسی برینەکانییەوە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ کرابوو.