تەقینەوەی مین کۆڵبەرێکی کوردی کردە قوربانی

13:57 - 4 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی ورمێ‌لەخاڵە سنوورییەکانی ئێران و تورکیە کەوتۆتە سەر مین و بەو هۆیەوە لاقێکی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر کۆڵبەرێک بەناوی \"عەبیدوڵڵا چەڵەبی\" خەڵکی ئاوایی \"سیلوانا\"‌ی ناوچەی دەشتی ورمێ‌بەهۆی کەوتنە سەر مین لاقێکی لەدەست داوە.

بە وتەی کەسانی ئاگادار ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ بژێوی ژیانی رووی لەسنوورەکان کردبوو و لە ئەنجامدا لەناوچەی شەمزینانی تورکیە لەشوێنێک بەنێوی هەوارگەی تورکان تووشی ئەو رووداوە بووە.

کۆڵبەرانی کوردی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەناچاری و بۆ دابین کردنی بژێویی ژیانیان روویان لەو پیشە پڕ لەمەترسییە کردووە و بێجگە لە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئێران، سەرما بردوویی و کەوتنە سەر \"مین\"‌یش هەڕەشەیان لێ‌دەکات.

دوایین حاڵەتی رووداوی تەقینەوەی مین، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 1‌ی خەزەڵوەر هاتە ئاراوە کە بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی کوردی بەناوی \" مەهدی کەبوودی\" خەڵکی کرماشان لاقێکی لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەکان ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران بە مین چێنراوە و بەپێی دوایین ئامارەکان، زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، کرماشان، کوردستان وئازەربایجانی رۆژئاوا بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی بوون، زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە.