تەقینەوەی مین لەقەسری شیرین لاوێكی كردە قوربانی

13:45 - 26 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: پاش تەواوبوونی ٢٦ ساڵ لە شەڕی ئێران و عێراق، ئێستاكەش مێنە چێنراو و كەرەسە نەتەقیوە جەنگییەكان لەناوچە كوردنشینەكان هاووڵاتیانی كورد دەكاتە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لاوێكی تەمەن ٢٤ ساڵ بەناوی جەلال بەهرامزادە لەنزیك پاسگایەكی مەرزی لە ئوستانی كرماشان لەئەنجامی تەقینەوەی مینە چێنراوەكان، گیانی خۆی لەدەست داوە.

ئەو مینە لەناوچەی تەنگەحەمام لەئاوایی \"دارخور\"‌ی سەربە بەخشی ناوەندی قەسری شیرین تەقیوەتەوە.

لەئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا ٧ سەر لە مەڕ و ماڵاتی ئەو هاووڵاتییە كوردەش لەناو چوون.

جێگری سیاسیی ـ كۆمەڵایەتی فەرمانداریی قەسری شیرین وێڕای پشتراستكردنەوەی ئەو هەواڵە، بە هەواڵدەریی ئیرنای وتووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٩ كەس بە هۆی تەقینەوەی مین و كەرەسە جەنگییەكانەوە لەو شارستانە كوژراو و بریندار بوون.

ماوەیەك لەمەوبەریش وەرزێڕێكی خەڵكی ئاوایی\" تەنگاب كۆنە\" بەناوی نوورعەلی سەفەری لەكاتی كاركردندا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەست دابوو.

بەوتەی دانیشتوانی ناوچەی قەسری شیرین هەتا رادەیەك ناوچەكە لە مینە چێنراوەكان خاوێن كراوەتەوە و ناوەندە دەوڵەتییەكان تەنیا هەتا قووڵایی 30 سانتیمیتری مێنەكانیان هەڵگرتۆتەوە.