تەقینەوەی مین لە قەسری شیرین، گیانی وەرزێڕێکی ستاند

20:44 - 28 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مینی بەجیماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق، مەرگی هاووڵاتییەکی کوردی لە ئوستانی کرماشاندا لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوورعەلی سەفەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \"تەنگاوە کۆن\"ی سەربە شارستانی قەسری شیرین، بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە قەسری شیرینەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی کار کردن لە نێو باخەکەی، ئەو مینە بە روویدا تەقیوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ نوورعەلی سەفەری لە کاتێکدا بە پێمەرە سەرقاڵی شیکردنەوەی نێو باخەکەی بووە، ئەو مینە تەقیوەتەوەو لە ئەنجامدا بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.

لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ١٣٢ حاڵەتی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەری ٨ ساڵە لە زەوی و زارەکانی شارستانی قەسری شیریندا تەقیونەتەوە، کە بەو هۆیەوە ١٢٢ کەس بریندار بوون و ١٣ کەسیش کوژراون.

هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردبوویەوە، لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ١٢٦ کەس لە قەسری شیرین بەهۆیی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی بەجیماوی شەڕی ئێرانو ئێراقەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەگوتەی خەلکی ناوچەکە، خاوێن کردنەوەی کێلگە مینەکان لە چەند سالی رابردوودا بەشێوەی رەمەکی ئەنجام دراون و ناونەدە دەوڵەتییەکان بە بارستایی ٣٠ سانتی میتر زەوییەکانیان پشکنیوە.