تەقینەوەی مین لە قەسری شیرین قوربانیی لێ‏کەوتەوە

14:24 - 22 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە شاری قەسری شیرین، بریندار بوونی هاووڵاتییەکی لێ‏کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاکام و لێکەوتەی شەرێ هەشت ساڵە لە کوردستانی ئێران دوای تێپەڕینی ٢٦ساڵ، هێشتا قوربانی بە دوای خۆیدا دێنێ و لە تازەترین ڕووداودا، مینە چێنراوەکان لە قەسری شیرین، هاووڵاتییەکی کردە قوربانی.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە \"محەممەدجەعفەر چراغی\" ڕاگەیەنراوە و لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتدا تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

دەوترێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە لاقی ڕاستی بەر تەقینەوەکە کەوتووە و دەستبەجێ ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری قەسری شیرین کراوە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی‏دایە.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٤ هاووڵاتی لەو شارە سنوورییە بوونەتە قوربانی مین و دیکەی کەرەستە تەقینەوەکانی بەجێماو لە شەڕی هەشت ساڵە و لە کۆی گشتی‏دا، ٦ کەس کوژراو و ١٨کەسی دیکەش برینداری لێ‏کەوتووەتەوە.

شاری قەسری شیرین لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و زیاتر لە ٢٧ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و ١٨٦هەزار کیلۆمێتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا هەیە. هەروەها بۆ ماوەی ٢ساڵ لە لایەن حکوومەتی پێشووی عێراقەوە، لەکاتی شەڕی ٨ساڵەدا داگیرکراوە.