تەقینەوەی مین لە سنووری شاری شنۆ برینداربوونی هاووڵاتییەکی لێکەوتەوە

13:10 - 1 سەرماوەز 2720

ئەمڕۆ شەممە ١ی سەرماوەز، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، لە ناوچەی "هەوارە ئێسک" خاڵی سنووریی ئێران و عێراق، برینداربوونی هاووڵاتییەکی لێکەوتەوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە "عەزیز ڕوونما" تەمەن ٤٢ ساڵ، ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەو ڕووداوە، لاقێکی لەدەست داوە و بە سەختی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە حاڵی ڕەوانەکردنی مەڕ و ماڵات بۆ هەرێمی کوردستان بووە کە تووشی ئەو ڕووداوە، بووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەحمەد مەمەندی" کوڕی حاجی عەزیز خەڵکی گوندی "دەشتێـ"ـی شاری سەردەشت، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین، لە نەخۆشخانەی ورمێ، گیانی لەدەست دا.