تەقینەوەکانی شاری هەولێــــر ٦٢ بریندار و ٦ کوژراوی لێکەوتەوە

18:07 - 7 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: زنجیرەیەک پەلاماری خۆکوژی و \"تیرۆریستی\"دا لەبەردەم ئاسایشی هەوڵێردا هاتە ئاراوە و ژمارەیەک هاووڵاتیی کردە قوربانی.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی رەزبەر لە بەردەم ئاسایشی هەولێردا پێنج تەقینەوە روویداوە و لە ئەنجامدا ٦ هاووڵاتی کوژراون و ٦٢ کەسیش بە توندی بریندار بوون.

دەگوترێ کە هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکان، لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقە لە هاووڵاتییان و هێزی ئاسایشی هەولێر کراوە و هەروەها ٦ کەس لەو هێرشبەرانە بەدەستی هێزەکانی ئاسایش کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە ماشێنێکی بۆمبڕێژکراو لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە پووچەڵ کراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک وەک ئەنجامدەری ئەو کردەوە تیرۆریستییەیانە رانەگەیەندراوە و هاوکات هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسیارەتیی ئەو تەقینەوانەی بەئەستۆ نەگرتووە.

ئەم تەقینەوانە لەکاتێک دایە کە تەنیا یەک رۆژ بەسەر راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت.